ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق ئاشکرا کرا
  2023-07-27       537       

بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رۆژنامەیەکی قەتەڕی، رەجەب تەییب ئه‌ردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەفتەی داهاتوو بە سەرۆکایەتی شاندیكی گەورەی حکوومەتەکەی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆ دەبێتەوە، بەپێی وتەی چاودێران ئەو سەردانە "زۆر گرنگە"، لەبەر ئەوەی سەردانێکی پرۆتۆکۆلیی نییە، بەڵکو سەردانی رێککەوتن و یەکلاییکردنەوەی دۆسێ هەڵواسراوەکانە و یەکێک لەوانەش دۆسێی نەوتی هەرێمی کوردستانە.

هێشتا بە دیاریکراوی نازانرێت ئه‌ردۆغان چ رۆژێکی هەفتەی داهاتوو دێتە بەغدا، بەڵام سەردانەکە یەکێکە لە گرنگترین سەردانەکانی ئه‌ردۆغان بۆ عێراق و پێدەچێت زۆر دۆسێی هەڵواسراو و قەیراناویی نێوان تورکیا و عێراقی تێدا یەکلایی بکرێتەوە، لەوانەش دۆسێکانی پەیوەست بە ئاساییشی نیشتیمانی، ئاو، ئابووریی و سەرمایەگوزاریی.

سەردانەکە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەردوو وڵات دەبێت، یەکەم دۆسێش کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت دۆسێی بەردانەوەی پشکی عێراقە لە ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات، بەپێی ئەو سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران کە زانیارییەکانی داوەتە (العربی الجدید) و نەیویستووە ناوی بهرێنرێت؛ عێراق گەشبینە بەوەی لەو دۆسێیەدا ئه‌ردۆغان نەرمیی بنوێنێت و رازیی ببێت پشکی عێراق لە ئاوی ئەو دوو رووبارە زیاد بکات.

بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە؛ دووەم دۆسێی گفتوگۆکان، بریتییە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێشبینیی دەکرێت ئەم دۆسێیە مشتومڕ و دانوستانێکی زۆری لێ بکەوێتەوە، چونکە تورکیا دەیەوێت عێراق دەستبەرداری ئەو قەرەبووە ببێت کە دادگاکەی پاریس بەسەریدا سەپاندووە، هەرچەندە پێشتر عێراق زۆر پێداگریی دەکرد لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرەبووە؛ بەڵام پێدەچێت دواجار دەستبەرداری ئەو قەرەبووە ببێت لە بەرانبەر کۆمەڵێک دەستکەوت کە لە تورکیاوە دەستی دەکەوێت، ئەگەرێکی بەهێزیش لەئارادایە هەر لە میانەی ئەو سەردانەدا بڕیاری هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رابگەیەنرێت.

دۆسێی سێیەم، دۆسێی پارتی کرێکارانی کوردستان په‌كه‌كه‌یە، بە پێی سەرچاوەی زانیارییەکانی رۆژنامە قەتەرییەکە، ئەم دۆسێیە سەرەکییترین دۆسێی گفتوگۆکان دەبێت، بەو پێیەی لایەنی تورکی گرنگییەکی لە راددەبەدەر بەم دۆسێیە دەدەن و رەنگە بیکەنە مەرج بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسێیەکانی دیکەی وەک ئاو و ئابووریی.

دۆسێی چوارمیش، پرۆژەی (رێگەی گەشەپێدان)ـە، کە عێراق تەبەننیی کردووە و بڕیارە کەنداوی عەرەبیی بە تورکیاوە گرێ بدات، ئەم دۆسێیەش بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت و بەپێی وتەی سەرچاوەکە؛ هاوتەریب بە سەردانەکەی ئه‌ردۆغان لە بەسڕە کۆنفرانسێکی ئەکادیمیی  تایبەت بە پرۆژەکە بەڕێوە دەچێت.

دواهەمین دۆسێیش بریتییە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات، ئه‌ردۆگان پلانی هەیە رەزامەندیی عێراق وەربگرێت بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵۆگۆڕەکە، لەپاڵیدا زیادکردنی ئاستی سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنانی کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق... لە بەرانبەریشدا تورکیا ئامادەیە ئاسانکاریی بۆ ئەو عێراقییانەی دەیانەوێت گەشت بۆ تورکیا بکەن لەو سەردانەدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکە تاووتوێ بکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×