دەستەی دەستپاکی: "ئێنتەرپول دوو بەرپرسی باڵای تۆمەتبار بەگەندەڵی رادەستی عێراق کردەوە"
  2023-07-31       433       

دەستەی دەستپاکی لە عێراق رایگەیاند، دوو بەرپرسی باڵا کە تۆمەتبارن بەگەندەڵی و بۆ دەرەوە ھەڵاتبوون و لە سوڵتانشینی عومان لەلایەن ئێنتەرپولەوە دەستگیر کراون، رادەستی عێراق کراونەتەوە.

ئاوێنه‌: دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو دوو بەرپرسە کە رادەستی عێراق کراونەتەوە، یەکێکیان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، ئەوەی دیکەیشان بەڕێوەبەری گشتیی پێشووە لە فەرمانگەی کشتوکاڵ لە پارێزگای ئەنبار.

راشیگەیاندووە کە بەرپرسەکان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو کە دواتر لەسەر بنەمای فەرمانەکان لە مانگی شوباتی رابردوو لە سوڵتانشینی عومان لەلایەن ئێنتەرپولەوە دەستگیر کران.

ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، تیمێکی سەربە فەرمانگەی گەڕاندنەوەکان بە یاوەری ھێزێکی ئەمنی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەڵەتیی لە وەزارەتی ناوخۆ (ئێنتەرپول) دوو تاوانبارەکەیان، رادەستی عێراق کردووەتەوە بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا و سزای توند بدرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھەردوو بەرپرسەکە، بەپێی ماددەکانی 316 و 340 لە یاسای سزاکانی عێراق لەلایەن دادگای ناوەندیی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و دادگای تاوانەکانی ئەنبار، بەگەندەڵی تۆمەتبار کراون.

بەپێی ماددەی 316ی یاسای سزاکانی عێراق، ھەر بەرپرسێک یان فەرمانبەریەک کە لە کەرتی گشتییدا خزمەت دەکات، ئەگەر پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت و بە نایاسایی دەست بەسەر سامانی دەوڵەتدا بگرێت، ئەوا بە زیندانیکردن سزا دەدرێت کە ماوەکەی لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.

ھەروەھا بەپێی ماددەی 34ی یاسای سزاکانی عێراق، ھەر بەرپرس و فەرمانبەریەک کە لە کەرتی گشتییدا خزمەت دەکات، ئەگەر بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کە تیایدا خزمەت دەکات بگەیەنێت، ئەوا بە زیندانیکردن سزادەدرێت کە ماوەکەی لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

لە 23ی ئایاری 2021دا، سەرکۆماری پێشووی عێراق، بەرھەم ساڵح ئاشکرای کردبوو کە لە ساڵی 2003وە، 150 ملیار دۆلار لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی گەندەڵی بەقاچاغ براونەتە دەرەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×