سودانی: سبەی كۆبونەوەیەكی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەبارەی رەشنوسی یاسای نەوت و غاز بەڕێوەدەچێت
  2023-08-01       347       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سبەی چوارشەممە، كۆبونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبونی سەركردە سیاسییەكان و كەسانی تەكنیكی لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت: هەندێك بۆچون لەبارەی پرسی نەوت و غازەوە هەن، پێویستیان بە بڕیاری سیاسییە.

ئاوێنە محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"سبەی كۆبونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبونی سەركردە سیاسییەكان و كەسانی تەكنیكیی هەردو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم و هەروەها بە ئامادەبونی راوێژكارانی یاسایی بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رەشنوسی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز."

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی"لە قۆناغی پێشتردا گفتوگۆ هەبوە لەسەر ئاستی هەردو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و گەیشتونەتە قۆناغێك كە پێویستی بە ئامادەبونی سیاسییەكان و یاساییەكانە. هەندێك بۆچون هەن كە پێویستیان بە بڕیاری سیاسی هەیە. سبەی دەستدەكرێت بەم كۆبونەوانە بۆ ئەوەی رەشنوسی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز تەواوبكرێت و لەدوای سازان لەسەری لەنزیكترین كاتدا بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسەندكردنی و پاشان ناردنی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەركردنی یاساكە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×