حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عەلی عەلاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق و بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق و بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگری بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی "دزی سەدە"، دەرکردوە.
ئاوينه: حەیدەر حەنون ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەکە لە عەلی عەلاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق و بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق و بەڕێوەبەری پێشوی هەواڵگری بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی "دزی سەدە" دەرچوە و داوا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بریتانیا دەکات کە ڕادەستیان بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی حکومەتی عێراق دەیەوێت هاوڵاتیان ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەرپرسانی سکرتارییەتەکانی باج، لە ئاستی باڵادا تێکەڵ بە خیانەت بون و دۆسیەی "دزی سەدە" یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی دزی کە ئاشکراکراوە و "هەرگیز داناخرێت".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق وتیشی، هەمو ئەوانەی داواکراون لە دۆسیەی دزی سەدەدا لە تاوانی گەورەوە تێوەگلاون کە قەبارەی گەندەڵییەکە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، وتیشی، "رێککەوتن دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی داواکراوەکان لەگەڵ میسر و عومان".
حەنون داوای لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوی بریتانیا کرد، بەڕێوەبەری نوسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشو، بەڕێوەبەری هەواڵگری و وەزیری پێشوی دارایی ڕادەست بکەنەوە بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی "دزی سەدە"دا.