شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و و لەگەڵ لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت "پێداچوونەوە بە کارنامەی کارکردنی کابینەی محەمەد شیاع سوودانی و رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن".
ئاوێنە: بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و، بڕیارە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەنجام دەدات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا پێداچوونەوە بە رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، کارنامەی کابینەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووسینەوەی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دەکرێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتراستکردەوە و لەبارەی ئەوەی ئایا لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە، رایگەیاند: ناتوانن ئێستا وردەکاریی بەرنامەی کۆبوونەوەکانیان ئاشکرابکەن.
بەپێی زانیارییەکان فازڵ میرانی، بهرپرسی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هەر یەکە لە هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد، پشتیوان سادق، فوئاد حوسێن و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی مەکتەبی سیاسی ئەندامێتی شاندەکە دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممەی رابردوو 5ـی ئابی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و نووسینەوەی پرسی پڕۆژەیاسای نەوت غاز گەیشتە بەغدا.
یەکێک لەو پرسانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەماوەی ئەمساڵدا لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.