دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێن
  2023-08-07       496       

ماوەی چوار ڕۆژە دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی مەریوان دەسووتێت و چالاکوانان و ژینگەپارێزان، لە هەموو شارەکانەوە  دەستیان بە سەفەربەریی کردووە بۆ کوژاندنەوەی، بەپێی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هێکتار دارستان و پوش و پاوان سووتاون.

ئاوێنه‌: لە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووەوە، لە سێ شوێنی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر کەوتووەتەوە، ئەوانیش ناوچەی دەرەوەران و ئاسنەوە و سەرشیون، دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و زۆربەی سنوورەکەی گرتووەتەوە.

لەلایەن ژینگەپارێزانی ئەنجوومەنی سەوزی چیاوە بە بەردەوامی هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدرێت و سەفەربەرییان ڕاگەیاندووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، دەمودەست لە تەواوی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ژینگەپارێزان هاتن بە هانایانەوە و بە وتەی خۆیان لە ئێستادا، زیاتر لە ٥٠٠ ژینگەپارێز لەسەر کارن بۆ ڕێگرتن لە ئاگرەکە.

بەگوێرەی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هێکتار دارستان و پوش و پاوان سووتاون، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و گەورەیان گێڕاوە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

مانگی ڕابردوو بەهۆی هێرشەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بۆسەر ناوچەی کۆساڵان، نزیکەی ١٠٠هێکتار دارستان و پوش و پاوان سووتان، لە ناوچەی مەریوانیش بەم دواییە، ناوە ناوە دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێنرێن، بە وتەی چالاکوانانی ناوچەکە، ئەم ئاگرە دەستی ڕژێمی ئێرانی تێدایە و دەیانەوێت ژینگەی کوردستان وێران بکەن و ئەو ناوچانە چۆڵ بکرێن لەلایەن خەڵکەکەیەوە، لە کوژاندنەوەشیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕن.

سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس هاوکاتە لەگەڵ سووتاندنی دارستانه‌كانی چیای جودی و به‌ستای سه‌ر به‌ شڕنه‌خی باکووری کوردستان، لەلایەن سه‌ربازانی سوپای داگیرکەریی توركەوە به‌ ئه‌نقه‌ست.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×