پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو ئەفسەرەی هێزەکانی پێشمەرگە دوێنێ یەکشەممە گیانیلەدەستدا، رووداوی هاتوچۆ هۆکارەکەی بووە.
ئاوێنه: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، “سەبارەت بە ئەو موقەدەمەی هێزەکانی پێشمەرگە کە دوێنێ یەکشەممە هەواڵی گیانلەدەستدانی بڵاوبووەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی و بەدواداچوونی ورد لە رێگای كامێرای چاودێرییەوە، هەروەها پاڵپشت بە ڕاپۆرتی پزیشكی دادی و بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە و تاوانی هەرێمی كوردستان، بۆیان دەركەوتووە ئەفسەرەكەی وەزارەتی پێشمەرگە پێش رووداوەكە لە یەكێك لە یانەكانی مەی خواردنەوە بووە، دواتر لە شەقامی 120 مەتری، جارێك دەوەستێت و دواتر بە خێراییەكی زۆرەوە دەڕوات و خۆی دەكێشێت بە شۆستەی شەقام و بە بارهەڵگرێك دەكەوێت”؛.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەو ئەفسەرە لەژێر كاریگەریی مەی بووە و بە چەكی خۆی لە جۆری كڵاشینكۆف گوللـەیەكی لە قاچی چەپی خۆی داوە، بەڵگەكانی تاوان و پزیشكی دادی پشتڕاستی دەكەنەوە، كە ئاراستەی گوللـەكە لە ناوەوە بۆ دەرەوە بووە و یەك قەوانی بەتاڵی كڵاشینكۆف لەناو ئۆتۆمبێلەكە دۆزراوەتەوە، پاشان تووشی خوێنبەربوون بووە و لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، گیانی لەدەست داوە”.