ئەمڕۆ دوشەممە، رێنماییەكانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرانەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى دەچێتە وارى جێبەجێکردنەوە.
ئاوێنە: رێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵای 2023، 2024 و 2025 كە للایەن تەیف سافی وەزیری دارایی عێراقەوە ئیمزاكراوە، ئەمڕۆ لە رۆژنامەی واقائیعی عێراقی بڵاوكرانەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
رێنماییەكان لە 36 مادە پێکهاتون و بەسەر حەوت بەشدا دابەش بون، کە بەگوێرەى یاسای کارگێڕیى دارایی ساڵى 2016 داڕێژراون.
بڵاوكردنەوەی رێنماییەكانی بودجە لەدوای نزیكەی دو مانگ لە پەسەندكردنی بودجەكە دێن لە پەرلەمانی عێراق.
هەروەها بڵاوكردنەوەی رێنماییەكان دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ دوشەممە، دادگاى باڵاى فیدراڵى سەرجەم سکاڵاکانى لەبارەى یاساى بودجە یەکلاکردەوە.
دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ بڕیاریدا دو دەستەواژەى هەردو مادەى 11 و 13ی یاساى بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمى کوردستان بە نادەستورى لە قەڵەم بدات كە یەكێكیان لەوانە رەتكردنەوەی دەستەواژەی خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستانە بە رەزامەندیى سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەویدیكەشیان رەتكردنەوەی دەستەواژەی بڕیاردانى کۆتاییە لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق.