قوباد تاڵەبانی: هەوڵ دەدەین ئەو گرژییەی هەیە رەنگدانەوەی لەسەر چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت
  2023-08-08       336       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر دەڵێت، دەمانەوێت بەپێی دەستور هەمو کێشەکان چارەسەربکرێن و هەمو لایەکیش پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە. لەبارەی هەنگاوەكانی چاكسازیش لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەو گرژییەی ئێستا هەیە کاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی نەبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازیکردوە لە ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا دواپێشهاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و دوا هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کران.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، قوباد تاڵەبانی، تیشکی خستە سەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداو چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەردولادابێت. لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئاساییە ناکۆکی سیاسی هەبێت بەڵام نابێت هاوڵاتییان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن. وتیشی، ئێمە دەمانەوێت بەپێی دەستور هەمو کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەمو لایەکیش پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە بۆ ئەوەی مافی هەموان پارێزراو بێت.

هەرلەوبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا نەبونی متمانە هۆکاری سەرەکی زۆربەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە، هەربۆیە پێویستە هەمو لایەنە سیاسییەکان لەپێناو دابینکردنی داهاتویەکی باشتر بۆ عێراق و کوردستان هەوڵی گێڕانەوەی متمانەی نێوانیان بدەن تا بتوانرێت کێشە کەڵەکەبوەکان چارەسەر بکرێن و چیتر هاوڵاتییان باجی ناکۆکییە سیاسییەکان نەدەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە. قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە، رایگەیاند، "سورین لەسەر جێبەجێکردن و بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەداو هەمو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەو گرژییەی ئێستا هەیە کاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی نەبێت."

وتیشی"ئێمە ئامادەین بۆ رێکخستنەوەی باشتری کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو پێویستیشە هەمو لایەک بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن و نابێت رێگە بدەن ناکۆکییەکان بمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق "ئامادەیی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری دەربڕی هەم بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەو هەم بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×