کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕەخنەی لە گرانی نرخی یەکەکانی ناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبون گرت و رایگەیاند، خێزانە هەژارەکان و ئەوانەشی داهاتیان سنوردارە، سود لەو یەکانە وەرناگرن، جا چ حکومی بێت یان وەبەرهێنان.
ئاوێنە: سەرمەد بەدری، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری لە فەرمانگەی نیشتمانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو قەیرانەی نیشتەجێبون کە وڵات توشی دەبێت، بە بەغداشەوە، پێویستدەکات حکومەت بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات بۆ دابینکردنی خانوبەرە بەنرخی گونجاو، بە تایبەت بۆ کەسانی کەم داهات، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی کەم تێچون یان تەنانەت کۆمەڵگەی وەبەرهێنانەوە.
وتیشی، "دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی مەیدانی بۆ سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە بەتایبەت وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێکردن، شارەوانی بەغدا و دەستەی وەبەرهێنان، بەمەبەستی زانینی ڕێکارەکانی بەتایبەت بە سندوقی نیشتەجێبون، بۆئەوەی قەرزی درێژخایەن و بەبێ سود بەهاوڵاتیانی کەمدەرامەت بدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ هۆشداریدا لەوەی هۆکاری سەرەکی سودمەندنەبونی هەژاران و ئەو کەسانەی داهاتیان سنوردارە لەو یەکانە بۆ گرانی نرخی یەکەکانی نیشتەجێبون و قیستی مانگانەیان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی وەبەرهێنان، جگە لە بونی پڕۆژە کە بڕیارە بەپێی هەندێک کوالێتی و مەرجی ستاندارد دروستبکرێن، بەڵام ناخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان، پێویستی عێراق بە دو ملیۆن و 500 هەزار بۆ سێ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبون هەیە بۆئەوەی بەتەواوی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت.