سودانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ناکات
  2023-08-09       337       

بزوتنەوەی فورات کە محەمەد شیاع سودانی ئەمیندارێتیی دەکات، بەشدارینەکردنی خۆی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیاند.

ئاوێنه‌: لە ڕاگەیەندراوێکدا بزوتنەوەی فورات کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمیندارێتیی دەکات، بەشدارینەکردنی خۆی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ڕاگەیاند و باسی لەوە کرد، پێیان وایە بەشداری نەکردن لەو هەڵبژاردنانە بژاردەیەکی دروستە، بۆ ئەوەی پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان بکەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "خۆ بەدوورگرتن لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بە مانای بەشدارینەکردنە لە لیستی سێبەر یان هاوشێوەکانی، هەروەها خۆ بەدوورگرتن لە پشتیوانیکردنی هەر پێکهاتە و حزب و ناوێکی سیاسیی تر، ئەمەش وامان لێدەکات باشتر بتوانین پشتگیریی هەنگاوەکانی حکومەت بکەین لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە".

رونیشكراوەتەوە: "سودانی سەرۆک وەزیران، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو ئەو هەڵبژاردنە سەرکەوتووبێت، بزوتنەوەکەمان لەم ئامانجە دوور ناکەوێتەوە، لە کاتێکدا داوا لە هەموو عێراقییەکان و دەنگدەران و کاندیدەکان دەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەن، هەریەکە لە پێگەی خۆیەوە، بۆ ئەوەی ئەم لاپەڕە سپییە لە مێژووی گەلەکەماندا دروست بکات، بەرەو پێشکەوتن و سەقامگیری و دامەزراندنی عێراقێکی بەهێز".

بڕیارە ڕۆژی 18ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×