بانكی ناوەندیی عێراق، چوار بڕیاری توندی بۆ پابەندكردنی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەركردو دەڵێت، دەبێت دۆلار بگاتە كەسی شایستەو ریزبەندی ژمارەی دۆلارەكان لامان پارێزراوە، لە بازاڕی رەش دۆلارەكە بدۆزرێتەوە مۆڵەت لە كۆمپانیاكە دەسەندرێتەوە.
ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق لە نوێترین نوسراویدا كە رۆژی 7ی ئەم مانگە ئاڕاستەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی كردوە، ئاماژەی بەوە كردوە كە لەپێناو كۆنترۆڵكردنی پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار بەشێوەی كاش بە گەشتیاران لەڕێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە، چوار بڕیاری دەركردون و داواشی لە سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵۆگۆڕی دراو كردوە، پابەندبن پێیانەوە.
بەپێی بڕیاری یەكەم، فرۆشتنی دۆلاری كاش، بە گوێرەی رێنمایی و رێكارە بەركارەكان و پابەندبونێكی تەواوەو بەكارهێنانیەتی بۆ ئەو مەبەستانەی دیاریكراوە تا بگاتە دەستی ئەو كەسانەی شایستەن دوای لێكۆڵینەوە لە بەڵگەكانیان و پابەند نەبونیش بەوە دەبێتە مایەی بێبەشكردنی كۆمپانیاكە لە دۆلارو رەنگە بگاتە سەندنەوەی مۆڵەت لە كۆمپانیاكە.
لە بڕیاری دوەمیشدا ئاماژەی بەوەداوە كە بانكی ناوەندی ژمارەو ریزبەندی ئەو دۆلارانەی لەڕێی بانكەكانەوە دەیداتە كۆمپانیاكان لە لای خۆی دەپارێزێت، دۆزینەوەی ئەو ژمارانە لای هەر كەسێكی رێگەپێنەدراو، ئەو كۆمپانیایەی دزەی پێكردوە، بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت، كە وێڕای سەندنەوەی مۆڵەتەكەی، روبەڕوی رێوشوێنی یاسایی دەبێتەوە.
لە بڕیاری سێیەمیشدا بانكی ناوەندی وتویەتی، ئەو كۆمپانیایانەی تائێستا یەكنەخراون، كاتێكی زۆرو پێویستیان دراوەتێ، رۆژی 31ی 12ی 2023، دوایین مۆڵەتە بۆ پێشكەشەكردنی داواكاری یەكخستنیان، تەرخانكردنی پشكی كۆمپانیاكان لە دۆلاری كاش لەدوای ئەو بەروارە، لەسەر بنەمای بەدیهێنانی یەكخستنیان دەبێت.
هەروەها لە بڕیاری چوارەمیشدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لە رۆژی 8ی 8ی 2023ەوە، لە ئەگەری بونی سێ سكاڵا لە هاوڵاتیانەوە لەسەر كۆمپانیایەك و سەلماندنی راستی ئەو سكاڵایانە، ئەوا هاتنەناوەوەی كۆمپانیا بۆ پەنجەرەی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی رادەگیرێت، تا ئەو كاتەی میكانیزمێك بۆ كۆنترۆڵكردنی فرۆشتن پێشكەش دەكات و بانك رەزامەندی لەسەر دەدات، لەحاڵەتی دوبارەبونەوەی سەرپێچییەكەش، بانك بەشێوەیەكی یەكجاری رێگە لەو كۆمپانیایە دەگرێت بەشداری پەنجەرەی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بكات.