كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، رۆژی 13ی ئەم مانگە، دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دادەخرێت و لە ماوەی 15 رۆژیشدا وردبینی لەو ناوانەدا دەكرێت كە خۆیان كاندیدكردوە.
ئاوێنە:عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی وتوە، كۆمسیۆن لە رۆژی 15ی تەمموزەوە دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كردەوەو لە كۆتایی دەوامی رەسمی لە رۆژی 13ی ئەم مانگەشدا دەرگای خۆكاندیدكردن دادەخرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەدوای داخستنی دەرگای خۆكاندیدكردن، 15 رۆژ ماوە هەیە بۆ وردبینیكردنی ناوی ئەوانەی خۆیان كاندیدكردوە لەڕوی یاسایی و بڕوانامەكانیان و هەروەها لەڕوی دەستپاكی و باری ئەمنییانەوە.
بەپێی قسەی كۆمسیۆن تاوەكو ئێستا 50 هاوپەیمانی تۆماركراون و مۆڵەتیش بە 296 حزب دراوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.