“لە ڕۆژانی داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کازمی دەردەچێت”
  2023-08-13       923       


ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای حکومەتی پێشوو دەرچوو، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەردەچێت.

ئاوێنه‌: عەلی تورکی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکرنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی کازمی بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.

عەلی تورکی ڕایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەی لە دۆسییەی گەندەڵکارانی حکومەتەکە کازمی چەندین بەرپرسی باڵا دەستگیر کران و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند وەزیرێکیش دەرچوو، لەوانە وەزیری پێشووی دارایی و وەزیری گواستنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژانی داهاتووشدا فەرمانی دەستگیرکردن دژی کازمی و ئەوانەی لەگەڵیدان دەردەچێت، چوونکە کازمی چەندین بڕیاری هەڵەی داوە، ئەمەش لە بەڵگەنامەکاندا سەلمێنراوە.

جێگای ئاماژەیە، لە کۆتای حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی کازمیدا چەندین دۆسێی گەندەڵی گەورە ئاشکرا بوون، دیارترینیان بریتی بوو لە دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە پارەی باج لە بانکی ڕافیدەین، تاوەکو ئێستا چەندین کەس بە تۆمەتی دزینی ئەو دۆسێییە دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ چەند کەسێکی دیکەش دەرچووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×