فراكسیۆنی بەدر بەهۆی بڕینی پشكی ئاوی عێراق هۆشداری توند دەداتە توركیا
  2023-08-15       384       

سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوون لە بڕینی پشكی ئاوی عێراق، هۆشداری لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بە توركیا دەدات، دەشڵێت، عێراق كارتی فشاری زۆری لە بەردەستە دژی توركیا بە كاری بهێنێت.

ئاوێنه‌: مەهدی تەقی ئامرلی سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن  توركیا، هەروەها تینوو كردنی هاوڵاتیانی عێراق و زیان گەیاندن بە كەرتی كشتوكاڵ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، عێراق لەم قۆناغەدا لە بارودۆخێكی سەختدا دەژیت، بە هۆی پێداگریی توركیا لەسەر كەمكردنەوەی پشكی عێراق لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات، دەشڵێت: عێراق لە زۆر بۆنە و كارەساتدا لەگەڵ توركیا بووە و هاوكاری كردووە، دواهەمینیان كارەساتی بوومەلەرزە بوو.

ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق كارتی فشاری زۆری هەیە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر توركیا، بەڵام ویستمان دراوسێیەكی باش بین و پەیوەندییەكانمان بپارێزین بەبێ هیچ كێشەیەك، بەداخەوە توركیا ئەوە بە لاوازی لێكدەداتەوە، بۆیە كاردەكەین بۆ كاراكردنی هەموو ئەو چوارچێوە یاسایی و دەستورییانەی كە سەروەری عێراق و مافەكانی ئاوی دەپارێزێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی.

لە بەیاننامەکەی سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق ئەوەش خراوەتەڕوو، كاركردن لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانەوەی پشكی ئاوی عێراق، یەكێكە لە ڕێگاكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاو، هەروەها پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ توركیا یەكێكە لەو ڕێگا و ئامرازانەی كە دەخرێتە ڕوو بۆ وەڵامدانەوەی كارەكانی توركیا، ئەمەش دەبێتە هۆی داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی عێراق تایبەت بە دۆسییەی ئاو، كە سەرچاوەی سەرەكی ژیانە.

بەهۆی دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی نوێوە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە وایكردوە ڕێژەیەكی زۆر كەم ئاو بگاتە عێراق و توشی قەیرانی ئاو بێت، هەروەها بەشێكی زۆری دانیشتوانی هۆڕەكانی باشوری عێراق بەهۆی وشكبوونی ڕووبارەكانەوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە، زیانی زۆر بەر كەرتی كشتوكاڵ و ئابووری عێراق كەوتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×