سودانی: ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاڵاوگەی بێجی لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕێنرانەوە
  2023-08-16       764       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاڵاوگەی بێجی لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕێندرانەوە بۆ شوێنی خۆیان كە بەهاكەیان خۆی لە ملیۆنان دۆلار دەدات و بە نزیكەی 100 بارهەڵگر گەڕێنراونەتەوە. دەشڵێت: لەماوەیەكی نزیك پاڵاوگەكە دەكەوێتەوە كارو ئەوەش دەبێتە مایەی داخستنی دەرگای هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانێكیدا بۆ قەزای بێجی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ كەسایەتییەكانی قەزاكە، بە ئامادەبونی وەزیری كارەباو سەرۆكی لیژنەی وزە لە پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لە سنوری پارێزگاكە، كۆبوەتەوە.

سودانی لە كۆبونەوەكەدا وتەیەكی پێشكەشكردوەو وتویەتی، بەهۆی چەند هەوڵێكی دڵسۆزانەوە، هاوكاری حكومەت كراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاڵاوگەی بێجی كە دزینی ئەو ئامێرو پارچانە ببونە هۆكاری پەككەوتنی پاڵاوگەكە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو ئامێرو پارچانەی كە گەڕێندراونەتەوە، بایی ملیۆنان دۆلار دەبن و لەبری گەڕاندنەوەیان ئەگەر لە دەرەوە داوایان بكردنایە، پێویستی بە چەند ساڵێك دەبو بۆ دروستكردنیان، بەڵام بە گەڕاندنەوەیان ئێستا لە شوێنی خۆیانن.

ئاماژەی بەوەشدا كە بە هاوكاری هاوڵاتییەك و بە نزیكەی 100 بارهەڵگر ئەو ئامێرو پارچە دزراوانە هێنراونەتەوە بۆ پاڵاوگەكە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، هێزە ئەمنییەكان هەڵسان بە پاراستنی ئاسایشی گەڕاندنەوەی ئەو ئامێرو پارچانە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ شوێنەكەی خۆیان لە پاڵاوگەكە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئەم هەنگاوە مژدەیەكی باشە بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەم پاڵاوگە گرنگە، لە وادەیەكی نزیكدا پاڵاگەكە بە توانای 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكەوێتەوە كار.

سودانی جەختی كردەوە كە بەگەڕخستنەوەی پاوگەكە، دەبێتە مایەی داخستنی دەرگای هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ سەرتاسەری عێراق لە پاڵ ئەو پاڵاوگەیەكی كە بەم دواییانە بەگەڕخرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×