وەزارەتی نەوتی عێراق: پارچە دزراوەكانی پاڵاوگەی بێجی لە چەند گۆڕەپانێكی كەرەستەی كۆن بون لە هەرێم
  2023-08-18       920       

وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاوڵاگەی بێجی دەڵێت، لەچەند گۆڕەپانێكی كەرەستەی پیشەسازی كۆندا بون لە هەرێمی كوردستان. دەشڵێت، هیچ بڕە پارەیەك نەدراوە لەبەرامبەر گەڕاندنەوەیان و لایەنە فەرمییەكانی هەرێم هاوكارییەكی تەواوی پڕۆسەكەیان كردوە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاڵاوتگەی بێجی، بەسەر چەند گۆڕەپانێكی كەرەستەی كۆن و كەرەستەی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دابەشكرابون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، گەڕاندنەوەی ئەو پارچانە، لە ئەنجامی هاوكاری هاوڵاتیەكی دڵسۆزو لایەن و كەسایەتی فەرمی و نافەرمی بوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، گەڕاندنەوەی ئەو پارچانە، دوای پەیوەندی ئەو هاوڵاتییە هاتوە لەگەڵ لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی لیژنەكە، كە ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ هاوكاریكردن لە گەڕاندنەوەیان.

وەزارەتی نەوت وتوشیەتی، هەندێك لە پارچەكان بەكارنەهێنراون و بەتایبەت دروستكراون بۆ كۆمپانیای پاڵاوگەوی باكور لە بێجی.

جەختیشی كردۆتەوە، بۆ گەڕاندنەوەی پارچەو ئامێرەكان هیچ پارەیەك نەدراوە بە هیچ لایەنێك لەبەرامبەر گەڕاندنەوەیان.

جەختیشی كردۆتەوە كە لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكی تەواوی پرۆسەكەیان كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×