كارمەندی بانكێكی حكومی بە 42 ساڵ زیندانیكردن سزادەدرێت
  2023-08-22       384       

دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، شەش بڕیار بەشێوەی ئامادە نەبو بۆ تۆمەتبارێك دەرچوە و بەكۆی گشتیش 42 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێندرێت بەهۆی دزینی نزیكەی نۆ ملیار دینار لە بانكێكی حكومی.

ئاوێنە: دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دادگای تاوانەكانی رەسافە كە تایبەتمەندە لە دانیشتنی دۆسیەكانی دەستپاكی، بە شێوەی ئامادە نەبو شەش سزای بۆ كارمەندی بانكێكی حكومی دەركرد، بە كۆی گشتی 42 ساڵ زیندانیكردنیی بەسەردا سەپاند كە ئەو كارمەندە لە بانكی رافدەین تۆمەتبارە بەدزینی هەشت ملیار و 850 ملیۆن دینار.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو كارمەندە لەڕێگەی دەركردنی چەك بە ڕێككەوتن لەگەڵ ژمارەیەك تۆمەتبارانی دیكە كە لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكانیان دەكرێت ئەو بڕە پارەیەی بردوە، كە لەنێو تۆمەتبارەكانی دیكەدا كارمەندانی لقێكی بانكی رافدەین لە بەغدا هەیە.

دەستەی دەستپاكی فیدڕاڵی ئەوەشی رونكردۆتەوە، ئەو بڕە پارانە لە هەژماری تۆمەتبار لە چوار بانك دانراون و وەرگیراون بەبێ ئەوەی بانك ئاگاداری بۆ ئەو بانكانە بنێرێت كە ئەو بڕە پارانە لێیان وەرگیراوە.

باسی لەوەشكردوە، دادگا لە ئەنجامی ئەو بەڵگە و دۆكیۆمێنتانەی كە لەبەردەستدان، هەروەها هەڵهاتنی سزادراوەكە لە دادپەروەری؛ بە پشتبەستن بە بڕگەكانی مادەی (444/ چوارەم و 11)ی یاسای سزادانی عێراقی بە هاوبەشی لەگەڵ مادەكانی (47 و 48 و 49)ی یاسای سزادان بڕیاریدا سزای 42 ساڵ زیندانیكردن بەسەر ئەو كارمەندی بانكەدا بسەپێنێت و هەروەها بڕیاریشدا بە دەستبەسەرداگرتنی پارە جوڵاو و نەجوراوەكانی و پێدانی ماف بە لایەنی زیانلێكەوتو كە داوای قەرەبو بكاتەوە ئەگەر بڕیارەكە پلەی كۆتایی وەرگرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×