كەتیبەكانی حزبوڵا لەبارەی "جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكا" لە عێراق هەڕەشە دەكات
  2023-08-23       464       

كەتیبەكانی حزبوڵا لە عێراق رایگەیاند، جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكا لە هەندێك لە شارەكانی عێراق لەپێناو هێشتنەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەو وڵاتەیە. هەڕەشەی ئەوەش دەكات كە ئەگەر "موقاوەمەی ئیسلامی" بڕیاری شەڕ بدات پڕۆژەكانی ئەمریكا لەناوچەكە "لەناودەبات."

ئاوێنە: كەتیبەكانی حزبوڵا لە عێراق، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"جموجۆڵی هێزە داگیركەرەكانی ئەمریكا لە هەندێك لە شارەكانی عێراق، بەڵگەی رون و ئاشكرایە لەسەر خۆبەزلزانی و لوتبەرزی دوژمن بۆ هێشتنەوەی هێزە شەڕكەرە داگیركەرەكانی خۆی لە وڵاتەكەدا."

كەتیبەكانی حزبوڵا ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەم هێزانەی ئێستای ئەمریكا لەڕوی تواناو ژمارەوە "هیچ نین بەراورد بە بونی سوپای ئەمریكا لەعێراق بەرلەوەی لەساڵی 2011 بە شكستخواردویی دەربكرێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، با ئەمریكییەكان بزانن كە نمایشی هێزو بازو "هیچیان پێ نابەخشێت" ئەگەر مقاوەمەی ئیسلامی بڕیاری شەڕ بدات، ئەوا پڕۆژەكانیان لە ناوچەكەدا "لەناودەبات تا عێراق ببێتە دوا مۆڵگەیان لە جیهانێكی فرەجەمسەردا."  

ئەوەش لەكاتێكدایە كە وەك دەوترا لەماوەی چەند رۆژی رابردودا جموجۆڵی هێزەكانی ئەمریكا لە هەندێك ناوچەی عێراق بینراوە، بەڵام رۆژی 20ی ئەم مانگە، ماتیۆ مەکفەرلەین، فەرماندەی پێشوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسوریاو عێراق لەوبارەیەوە رایگه‌یاند، جموجوڵێكی ئاساییە بۆ گۆڕانكاری لە هێزەكانیاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×