باڵیۆزی ئەمریكا: جموجوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكیان بە نێوخۆی عێراقەوە نەبوە
  2023-08-23       495       

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، ئەو جموجۆڵە سەربازییانەی ئەمریكا كە باسدەكرێن، لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕكردنی ئەو هێزانەی ئەمریكادا بون كە لە عێراقن و رەتیشیكردەوە كە هیچ پەیوەندییەكییان بە نێوخۆی عێراقەوە هەبێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە پێشوازیكردوە لە ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی سەرجەم پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا و رێگاكانی بەهێزكردنی هاریكاری هاوبەشی نێوان هەردو وڵات لە بوارەكانی ئابوری و گەشەپێدان لەسایەی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیدا كراوە بەشێوەیەك لە خزمەت بەرژەوەندی هەردو وڵاتدا بێت.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا لەبارەی دەنگۆی جموجۆڵی سەربازیی ئەمریكاوە لەنێو عێراق، جەختی كردەوە كە ئەو جموجۆڵانە لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی ئەو هێزانەدا بوە كە لە عێراقن.

رۆمانۆوسكی رەتیشیكردۆتەوە كە ئەو جموجوڵە سەربازییانە هیچ پەیوەندییەكیان بە نێوخۆی عێراقەوە هەبێت و پێداگریشی لەسەر پەرۆشی حكومەتی ئەمریكا كردەوە بۆ بەردەوامبون لەسەر هاریكاری و پەرەپێدانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لەگەڵ عێراق.

هەربەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×