قائانى بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق: هەموو جۆرە پەلامارو هێرشێک بۆسەر بەرژەوەندیی‌و هێزەکانی ئەمریکا ڕابگرن‌
  2023-08-24       557       

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا نهێنییەک لەبارەی سەردانێکی هەفتەی ڕابردوی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی بۆ عێراق ئاشکرادەکات‌و ڕایگەیاندوە، ئەو فەرماندە سەربازییە لەبارەی هێرشکردنەسەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق پەیامێکی بەپەلەی گەیاندۆتە دەست میلیشیا شیعییە عێراقییەکان.

ڕۆژنامەی زە کرێدلی ئەمریکی لەڕاپۆرتەکەیدا کە پشتی بەلێدوانی سەرکردەیەکی نزیک لەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان بەستوە دەڵێت، "هەفتەی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی عێراقی کردوەو لەگەڵ ڕێبەری میلیشیا شیعییەکانی سەر بەئێران کۆبۆتەوەو تێیدا پەیامی ئەوەی پێڕاگەیاندون بەوەی لەم قۆناغەدا هەموو جۆرە پەلامارو هێرشێک بۆسەر بەرژەوەندیی‌و هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕابگرن‌و دۆخەکە بەرەو گرژکردن نەبەن".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە،  ئەم هۆشدارییەی ئێران بۆ میلیشیا شیعییەکان لەکاتێکدایە کە ئێران‌و ئەمریکا لەخولی "دانوستانەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژی"و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان‌و هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پارە بلۆککراوەکانی ئێران بەرەو پێشدەچن، وەک چاودێرانیش دەڵێن ڕێککەوتنێکی ئەمریکی‌و ئێران هەیە بۆ ڕاگرتنی هەموو جۆرە گرژییەک لەنێوانیاندا، بەتایبەتی لەعێراقدا، قائانیش هەمان پەیامی بەو لایەنە شیعیانە گەیاندوە.

ئەو سەرچاوەیە بەڕۆژنامە ئەمریکییەکەی وتوە، بەشێکی تری گفتوگۆی قائانی‌و سەرکردەی هێزە شیعییەکان پەیوەست بوە بەچارەنوسی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن‌و پێویستی بەردەوامبونی حکومەتی عێراق لەسەر چەکداماڵینی ئەو هێزانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×