لە گەڕانەوەیان لەبەخاكسپاردنی باوكی وەزیردا؛ خوشك و كچێكی وەزیری نەوتی عێراق لەروداوێكی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا
  2023-08-25       718       

لە گەڕانەوەیاندا لە بەخاكسپاردنی تەرمی باوكی وەزیری نەوتی عێراق، كچێك و خوشكێكی ئەو وەزیرە لەگەڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەیان و پاسەوانێكی وەزیردا لە روداوێكی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری نەوتی عێراق، لە پرسەنامەیەكدا رایگەیاند، بەداخین بۆ گیانلەدەستدانی خوشك و یەكێك لە كچەكانی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان روداوەكە دوێنێ پێنجشەممە لەسەر رێگای خێرای نێودەوڵەتی بەرەو بەسرە رویداوە، لە روداوەكەدا خوشك و كچێكی وەزیر و هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەیان و یەكێك لە پاسەوانەكانی وەزیر گیانیان لەدەستداوەو كەسێكی دیكەش بە سەختی برینداربوە كە كەسی نزیكی وەزیرە.

میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەشداوە، كەسوكاری وەزیر لە گەڕانەوەیاندا لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی باوكی وەزیردا توشی روداوەكە بون كە دوێنێ پێنجشەممە، كۆچی دوایی كرد.

كۆچی دوایی باوكی وەزیری نەوتی عێراق هۆكاری ئەوە بو كە سەردانەكەی ئەمڕۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بۆ كاتێكی نادیار دوابخرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×