سوودانی لەبارەی دیاردەی زیادەڕۆیی فەرمانێكی نوێ دەردەكات
  2023-08-25       350       

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، فەرمان بە وەزیری پارێزگارو دەزگا حكومییەكان دەكات لە پرۆسەی لابردنی زیادەڕۆییەكان، بارودۆخی ژیانی فرۆشیارو كاسبكاران لەبەرچاو بگرن.

ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عیراق، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سوودانی،  فەرمانی بە وەزیر و پارێزگارەكان و دەزگا حكومییەكان كردووە كە راسپاردراون بە لابردنی زیادەڕۆییەكان، دەبێت بارودۆخی ژیانی ئەو كەسانە لەبەرچاو بگرن كە كاسب و فرۆشیاران، لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لە زەویی زیادەڕەویدا دەژین، بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی كە زۆرێك لە ڕۆڵەی گەلەكەمانی ناچاركردووە هەندێك شوێنی گشتی بەكار بهێنن بۆ نیشتەجێبوون و دەستكەوتنی بژێوی ژیانیان.

وتەبێژی حكومەتی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، محەمەد شیاع سوودانی فەرمانی كرد بەوەی كار بكرێت بۆ دۆزینەوەی شوێنی جێگرەوەو گونجاو بۆ ئەو كەسانەی زادەڕۆییان كردووە و دڵنیابن لەوەی بەردەوام دەبن لە بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكدا هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عیراق داوای لە وەزیرو پارێزگارەكانی عیراق كردووە، كاربكرێت بۆ دابینكردنی زەوی نیشتەجێبوون لە پێناو دابەشكردنیدا بەسەر ئەو كەسانەی كە شایستەن، پێش دەستپێكردن بە ئۆپەراسیۆنی لابردنی ئەو زیادەڕەوییانەی كە پێویستن لاببرێن بۆ بەردەوامبوون لە پرۆژەكانی ژێرخان كە خزمەتی هاووڵاتیان بە گشتی دەكات.

هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەكان لەسەرانسەری عیراق كە ماوەیەكە دەستیپێكردووە بۆ دەركردنی ئەو كەسانەی زەویی حكومەتیان بەمەبەستی نیشتەجێبوون و كاسبیكردن داگیركردووە، یەكێكە لە پلانەكانی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی، كە بەگوێرەی پلانەكە، سەرجەم زیادەڕۆكارەكان لەسەر موڵكی گشتی دەردەكرێن و شوێنەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری بەكاردەهێنرێن. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×