یه‌ک شه‌ممه‌, 18 ی ئایار , 2025
مەسرور بارزانی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی به‌بڕیارێکی "گاڵتەجاڕیی" وه‌سف ده‌كات
  2023-09-03       606       

مەسرور بارزانی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رادەستکردنەوەی بارەگای ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كه‌ركوكی‌ پارتی به‌بڕیارێکی "گاڵتەجاڕیی" وه‌سف ده‌كات.

ئاوێنه‌: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس  بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "بڕیارەکەی ئەمڕۆی 'دادگای فیدراڵی' گاڵتەجاڕییە".

ئه‌مڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتار وەسفی عاسی حوسێن کە پەرلەمانتارێکی عەرەبی کەرکوکەو داوایکردبو دادگاکە بڕیارێکی بەپەلە بۆ راگرتنی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی بارەگای "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک" بدات. دادگاکە بڕیاریدا تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەکە رابگیرێن.
  
پاساوی دادگاکەش بۆ ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی، پاراستنی ئاسایشی کەرکوک و گیانی هاوڵاتیان و پاراستنی دەستوری عێراقە کە جەخت لەسەر پێکەوەژیان و پاراستنی سەروەرەی و یەکێتیی خاکی عێراق دەکاتەوە. 

رۆژی 25ی 8ی‌ 2023، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان داوای كرد فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بارەگاكەیان چۆڵ بكەن‌و رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانی بكەنەوە، چونكە ئەم بینایە بەر لەروداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بارەگای پارتی بووە. 

به‌ڵام لەدوای بڕیاره‌كه‌ گردبونه‌وه‌و ناڕەزایی دژ بەڕادەستکردنەوەی بارەگای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەلایەن لایەنگرانی عەسائیبی ئەهلی حەق‌و چه‌ند لایه‌نێكی‌ عه‌ره‌بی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ ماوه‌ی‌ پێنج ڕۆژ‌ بەردەوام بو، به‌و هۆیه‌وه‌ ڕێگای‌ كه‌ركوك - هه‌ولێریش داخرا.

ئێواره‌ی‌ دوێنێ 2ی‌ 9ی‌ 2023 له‌گه‌ڕه‌كی‌ ره‌حیم ئاوای‌ كوردنشینی‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌شێك له‌هاوڵاتیانی کوردو لایه‌نگرانی‌ پارتی‌ له‌و شاره‌، خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای کردنەوەی رێگاکەیانکرد.

خۆپیشاندانه‌كه‌ گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ لێكه‌وته‌وه‌و به‌ته‌قه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق چوار گه‌نجی‌ كورد شه‌هیدبون‌و 15ی‌ دیكه‌ش برینداربون.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوش بەفەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، خێوەتی مانگرتووانی لایەنگرانی حەشدو لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لابراو ڕێگەی نێوان کەرکوک - هەولێر کرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×