هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ژمارەیەکی زۆر چەكی قورس و مامناوەندی هێرشبەریی جێگیر كردووە، سەرچاوەکانی حکومەتی ئێران، پێشبینی دەکەن لە دوای تەواو بوونی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن ئەمریكا هێرش بكاتە سەر گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، لوبنان و سووریا.
ئاوێنه: میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە سەردانی شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ بنكەی عەین ئەسەد و وادەی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی لە ناوچەكە چەند ڕاپۆرتێكیان بڵاو كردووەتەوە.
ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە زاری بەرپرسێكی باڵای سەربازی عێراق بڵاوی كردەوە، هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار چەكی قورس و مامناوەندی هێرشبەریی جێگیر كردووە، لەوانە بوونی سیستەمێكی ڕاداری پێشكەوتوو و ئامێرەكانی چاودێریی كردن و فڕۆكەی نوێی جەنگی و چەندین جۆری دیكەی چەك.
ئاماژەی بەوەش كرد، ڕۆژی ٢٦ـی ئاب، شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق سەردانی بنكەی عەین ئەسەدیان کردووە لە ئەنبار، شاندە سەربازییەكە پێكهاتبوو لە لیوا عەبدول ئەمیر یاروڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق، لیوا قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و ژمارەیەك سەركردەی ئەمنیی و سەربازیی لە وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی عێراق.
هەر لەو ڕۆژنامەدا هاتووە، لە سەردانەكەدا بۆ بنكەی عەین ئەسەد چەکی قورس و مامناوەندی هێرشبەر بینراوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕێككەوتنەیە، كە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە، كە تەنها ڕێگەی بە بوونی چەكی بەرگریی و هێزی ڕاوێژكاریی بە ئەمریكا دراوە.
ئەو سەرچاوەییە ئاماژەی بە بوونی سیستەمێكی پێشكەوتووی ڕادار و چەك و هامەر و هێلیكۆپتەری شەڕكەری وەك ئاپاچی و بلاك هاوك كرد، هەروەها سیستەمی دژە مووشەك هێشتا لە ناو بەشی باكووری ڕۆژئاوای بنكەكەدا هەیە، بەشێكی زۆری ئەو هێزانەی ئەمریكا كە بەم دواییە جێگیر كراون، هێزی شەڕكەرن.
ڕوونیشی كردەوە، حكومەتی عێراق بە نیازە، بە تایبەتی لە سەر ئەم دۆسییە لە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا گفتوگۆ بكات، بە تایبەتی دوای زیادبوونی جوڵەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و عێراق.
مەهدی تەقی، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی عەرەبی جەدیدی ڕاگەیاند، لیژنەكەیان و ڕاپۆرتە ئەمنییەكان لە دەزگا فەرمییەكانەوە زیاتر لە جارێك پشتڕاستیان كردووەتەوە، كە بنكە سەربازییەكانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق چەكی هێرشبەری تێدایە، بەڵام لە سەردەمی حكومەتەكەی مستەفا كازمیدا ئەو ڕاپۆرتانە پشتگوێ خران.
دەشڵێت، هێزە بیانییەكان لە عێراق خاوەنی چەكی سەربازییی و فڕۆكەوانی سەربازیین، ئێمەش هۆكاری ئەو چەكانە و بوونیان نازانین، هەروەها هەبوونی ئەو چەكانە لەلایەن هێزە بیانییەكانەوە پێشێلكردنی ڕێككەوتنە ئەمنییەكانە سەبارەت بە ئەركەكانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكانی هێزە عێراقییەكان كراوە.
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، لە ئێستادا لەسەر سنووری عێراق و سووریا ژمارەیەكی زۆری سەربازی ئەمریكا جێگیر كراون، بە مەبەستی بڕینی پەیوەندیی وشكانی نێوان ئێران، سووریا، لوبنان و عێراق.
ئاماژە بەوەش كراوە، پێشبینی دەكرێت هێزەكانی ئەمریكا دوای تەواوبوونی مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی گەورە لە سنووری عێراق و ئێران و سووریا و لوبنان ئەنجام بدەن.
ئەحمەد ئەبیەز، شارەزای كاروباری سیاسی عێراق بە ڕۆژنامەی عەرەبی جەدیدی ڕاگەیاند، چەكی پێشكەوتووی ئەمریكییەكان لە بنكەكانی عێراق لە مێژە بوونیان هەیە، ڕەنگە ئەمە سەرەتای ڕووداوە گەورەكان بێت كە لە وڵاتانی ناوچەكە ڕوودەدات، لەوانە عێراق، سوریا و ئێران، تا ئەفریقا، هەروەها هەنگاوەكانی ئەمریكا تەنها لە عێراقدا سنووردار نییە، بەڵكوو درێژ دەبێتەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە.
بنكەی ئاسمانی “عەین ئەسەد” گەورەترین بنكەی ئەمریكایە لە عێراق، دەكەوێتە ڕۆژئاوای بەغدا بە دووری٢٠٠ كیلۆمەتر لە نزیك ڕووباری فورات لە شارەدێی بەغدادی،