فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنووری عێراق رایگه‌یاند كه هێزیان ناردووه‌ته ناوچه‌یه‌كی تری هێڵی سنووری هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران له پارێزگای هه‌ولێر و دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ گروپێكدا توانیویانه ناوچه‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
ئاوێنه: ئه‌مڕۆ هه‌ینی 15ی ئه‌یلولی 2023 فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنووری عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه چه‌ند خاڵێكی نوێیان له‌سه‌ر سنووری عێراق له‌گه‌ڵ ئێران له پارێزگای هه‌ولێر كۆنترۆڵ كردووه كه له‌ژێر ده‌ستی "گروپه له یاسا ده‌رچووه‌كان" بووه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنووری عێراقدا هاتووه كه "له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی سنووری عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، هێزه‌كانی لیوای سنووری دوو و فه‌وجی موغاویری ناوچه‌ی یه‌ك به پاڵپشتی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری هه‌رێم (پێشمه‌رگه) توانییان چه‌ند خاڵێك له‌سه‌ر هێڵی سنووری عێراق- ئێران بگرنه‌ده‌ست".
فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنووری عێراق ده‌ڵێت: "گرتنه‌ده‌ستی ئه‌و خاڵانه دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه هات له‌گه‌ڵ گروپه له یاسا ده‌رچووه‌كان كه پێشتر ئه‌و ناوچانه‌ی سنووری ئیداری پارێزگای هه‌ولێریان له‌ژێر ده‌ستدا بوو".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنوور سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌سه‌ر ته‌وای سنووره‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا بسه‌پێنێت و ئاڵای عێراق له‌سه‌ر دوورترین ناوچه به‌رزبكاته‌وه.
ئێران رۆژی 19ی ئه‌یلولی وه‌ك دوا واده بۆ چه‌ككردنی حزبه كوردییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌ی دیاریكردووه، ته‌نها چه‌ند رۆژێم ماوه بۆ كۆتاییهاتنی ئه‌و واده‌یه.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و واده‌یه‌ی دیاریكردووه بۆ چه‌ككردنی حزبه كوردییه‌كان، ئێران هێزێكی زۆری به‌چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی سوك و قورسه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ ناوچه سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.










