سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسدا، لە بەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، مانگرتنی گشتی بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان دەستی پێكردو ئێستاش بەردەوامە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، خەڵك و كاسبكاران، لە بۆكان، دێولان، مەریوان، ورمێ، سنە، كامیاران، بانە، سەقز، مەهاباد، رەوانسەر، شنۆ، دیواندەرە، كرماشان، دەستیان بە مانگرتنی گشتی كردوەو تەواوی دوكان و بازاڕەكان لەو شارو شارۆچكانەی رۆژهەڵاتی كوردستان داخراون.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی قسەی رێكخراوەكانی چاودێری مافی مرۆڤ، پێشتر دەزگا ئەمنییەكانی ئێران گوشاریان خستۆتە سەر كاسبكاران و بەڵێننامەیان لێوەگرتون كە نابێت لە ساڵیادی كوژرانی ژیندا دوكان و بازاڕەكانیان دابخەن.
ئەمڕۆ یاریدەدەری سیاسی و ئاسایشیی پارێزگاری سنە رایگەیاندوە، هێزە ئەمنییەكان چەند كەسێكیان لە بانەو مەریوان دەستگیركردون كە بەوتەی ئەو سەر بە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانن و بە ئامانجی "تێكدان و نانەوەی پشێوی" وێنەو ڤیدیۆی دوكان و بازاڕە داخراوەكانیان لەو دو شارە گرتوە.
ئەمڕۆ شەممە، ساڵێك بەسەر كوژرانی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەخلاقی تاراندا تێدەپەڕێت. بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر ئەمڕۆ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی کچەکەیدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سەقز دەستگیركراوە.
ناوەندە ئەمنییەكانی ئێران پێشتر هۆشدارییان دابوە بنەماڵەی ژینا كە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوە ببەن، بەڵام بنەماڵەی ژینا لە ڕاگەیەندراوێکدا، وتیان"ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەمو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردنی کچە شیرینەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردوە کۆدەبینەوەو ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین".
بەپێی رێكخراوی هەنگاو بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا) بە چڕوپڕی میلیتاریزە کراوە و هێزە سەربازی و ئەمنییەكان لە هەمو شوێنێکی ئەو شارە پڕچەک و بە کەرەستەی شەڕەوە جێگیرکراون.