باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق: فەرمانبەرانی هەرێم شایەنی ئەوەن لەکۆتایی هەمو مانگێکدا موچە وەربگرن
  2023-09-16       580       
ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق

باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت، سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە. ده‌شڵێت، "هەموو فەرمانبەرانی حکومەت شایەنی ئەوەن لەکۆتایی هەموو مانگێکدا موچە وەربگرن".

ئاوێنه‌: دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس نوسیویه‌تی‌، "لەگەڵ هاوڕێم مه‌سرور بارزانی‌ لەبارەی کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا گفتگۆمان کرد. سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە. شانشینی‌ یەکگرتوو هیوادارە بەمزووانە بڕیارێک ببینێت. هەموو فەرمانبەرانی حکومەت لەعێراق و هەرێمی کوردستان شایەنی ئەوەن لەکۆتایی هەموو مانگێکدا موچە وەربگرن."

دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ ڕابردوی‌ (14ی‌ 9ی‌ 2023) وه‌فدی‌ باڵای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌غداو كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ حیزب‌و لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی‌ عێراق، بڕیاره‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ سبه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقدا بڕیاری‌ ناردنی‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرای‌ هه‌رێم بدرێت.

سه‌رباری‌ ڕێككه‌وتنی‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابردوی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای بودجەی گشتی‌ عێراق بۆ ساڵانی‌ 2023، 2024، 2025، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجە خەرج نەکراوە، ئه‌وه‌ی‌ له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كییه‌، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن كه‌ تا ئه‌مڕۆ -16ی‌ 9ی‌ 2023- موچەی مانگەکانی تەمموزو ئاب (7 و 8)یان وەرنەگرتووە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×