قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەكات كە ئەمڕۆ لە فڕۆكەخانەی عەربەت كرایە سەر هێزەكانی دژە تیرۆرو دەشڵێت: هیچ بیانویەك نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزێكی قارەمانی كوردستان.
ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان دەکەم لە ناحیەی عەربەت. ئەمە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عیراقە کە لەڕێی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بون ."
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی كردۆتەوە كە "هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزێکی قارەمانی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە و رۆڵێکی بنەڕەتیشیان هەبوە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا."
قوباد تاڵەبانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ كردوە "بێنە سەرخەت و کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دوبارە نەبنەوە."
هەروەها داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان كردوە"لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و ئاشکراکردنیان بۆ رایگشتی خەڵکی کوردستان."
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان دەکەم لە ناحیەی عەربەت. ئەمە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عیراقە کە لەڕێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بون .
بەداخەوە لەم روداوەدا سێ هەڤاڵی قارەمانی گەلەکەمان شەهیدکران و سێ هەڤاڵی دیکەشمان بریندار بون. پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و جەختدەکەینەوە کە؛ هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزێکی قارەمانی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە و رۆڵێکی بنەڕەتیشیان هەبوە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت و کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دوبارە نەبنەوە. هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان دەکەم لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و ئاشکرا کردنیان بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران