عەتا سەراوی: تەنیا بە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی دەتوانین سنورێك بۆ توركیاو ئێران دابنێین
  2023-09-18       565       

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت رایگەیاند، تەنیا بە یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و هاوهەڵوێستیی حكومەتی هەرێم، دەتوانین سنورێك بۆ توركیاو ئێران دابنێین. دەشڵێت: رێگە زۆرن بتوانین وێڕای رسواكردنی دوژمنان، تۆڵەش لە بكوژانی رۆڵەكانمان بكەینەوە.

ئاوێنە: عەتا سەراوی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا لەبارەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، وتویەتی"جێی خۆیەتی هەموان ئەوەمان بیربێ دوژمنانی گەلەکەمان هەرگیز درێخییان نەکردوە لەشەهیدکردنی ڕۆڵەکانمان هەرجارەو بە بیانویەک، پێموانییە بیرمان چوبێ، چ تورکی فاشی و ئەردۆگانی مرۆڤکوژ لەم مانگەی ڕابردو چەندین ڕۆڵەی گەلەکەمانی شەهید کردو زۆریش کۆن نەبوە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەزڕگوێزو کۆیە بە موشەكی دورهاوێژو درۆن چەندین ڕۆڵەی ئێمەی شەهید کرد."

هەروەها وتوشیەتی"بەدەنگی بەرزو بێ ئەملاو ئەولا بکەری ئەم کارە تیرۆریستی و قێزەونەو لەناو قوڵایی خاکی هەرێم، شەرمەزارو ڕسواو مەحکوم دەکەم و چی تورکیاو چ ئێران."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی جەختی كردۆتەوە "دەبێ گەلەکەمان یەکبگرین و تەنها بە یەکڕیزیی هێزە سیاسی و یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی حکومەتی هەرێم، بێ جیاوازی و قبوڵکردنی بەهانە، دەتوانین سنورێک بۆ تورکیاو ئێران دابنێین و چیتر ڕازی نەبین بەئاشکرا ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەناو هەرێمی کوردستان بکرێنە ئامانجی گڵاوی داگیرکارییان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەر وڵاتێک ئەمڕۆ ئەو کارە قێزەونەی ئەنجام داوە دەبێ لێبڕێین و بڕیاربدەین، دڵنیابن ڕێگا زۆرە بتوانین وێڕای ڕسواکردنی دوژمنانمان، نەک سنورییان بۆ دابنێین، تۆڵەش لەبکەران و بکوژانی ڕۆڵەکانمان بکەینەوە."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×