هێزەكانی رزگاریی عەفرین رایگەیاند، دوێنێ 18ی ئەیلول لە چالاكییەكی شەڕڤانانیاندا لە ناوچەی ئەلباب لە باكوری سوریا، 15 چەكداری سەربە توركیا كوژراون و شەش چەكداری دیكەش برینداربون.
ئاوێنە: هێزەكانی رزگاریی عەفرین، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوێنێ 18ی ئەیلول، هێزەكانمان چالاكییەكیان دژبە پێگەیەكی چەكدارانی سەربە توركیا لە گوندی "عەبلە"ی سەربە شاری ئەلباب ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە ئاكامی چالاكییەكەدا 15 چەكداری سەربە توركیا كوژراون و شەش چەكداری دیكەش برینداربون و هەروەها سێ سەنگەریی پاسەوانی تێكشكێنراون و لەگەڵ تێكشكاندنی ئۆتۆمبێلێك، سێ ماتۆڕسكیل و كۆگایەك.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لەو چالاكییەدا دەستیش بەسەر شەش كڵاشینكۆف و 12 مەخزەنی كڵاشینكۆف و بیكەیسییەك و دەمانچەیەك و چوار بۆمبی دەستیدا گیراوە.