وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت لە سلێمانی دەڵێت، لەكاتی "تەقینەوەكە"دا، ئەندامانی دژەتیرۆری یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی پەكەكەو یەپەگە مەشق و راهێنانیان كردوە.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، چاودێری چالاكییەكانی پەكەكەو "درێژكراوەكانی لە باكوری عێراق" دەكەن، بەتایبەت چالاكییەكانی پەكەكە لەو ڕێڕەوەی كە توركیا بانگەشەی ئەوە دەكات لەنێوان سوریاو عێراق دروستكراوەو بە "ڕێڕەوی تیرۆر" ناوی دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا راشیگەیاندوە، "پێشهاتەكانی پەیوەست بەو تەقینەوەیەی كە رۆژی 18ی ئەیلولی 2023 لە فڕۆكەخانەی عەربەت رویدا، جێی تێڕامانن."
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوەكەیدا بانگەشەی ئەوەی كردوە كە زانراوە لەكاتی تەقینەوەكەدا چەند ئەندامێكی دژە تیرۆری یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی پەكەكە/یەپەگە مەشق و راهێنانیان كردوە.
هەروەها وەزارەتەكە بانگەشەی ئەوەشی كردوە كە "بەڕونی دەركەوتوە" هەندێك هێزی ئەمنی سەربە یەكێتی، "هاوكارن" لەگەڵ هێزەكانی پەكەكەو ئەوەشی بە "پێشهاتێكی مەترسیدار" ناوبردوە.
لەسەر بنەمای ئەو بانگەشانە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتویەتی"ئەم روداوە جارێكی تر دوپاتیكردەوە كە رێكارەكانمان دژبە سلێمانی وردن" و بانگەشەی ئەوەشی كردوە كە پەكەكە "خەڵكی سلێمانی بە بارمتە گرتون."
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا داوای لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە كە پەكەكە و "درێژكراوەكانی" وەك "رێكخراوی تیرۆریستی" بناسێنن و بەرەنگارییان ببنەوە.