عامری بۆ بافڵ تاڵەبانی: دەستدرێژی بۆ سەر هەر شوێنێكی خاكی عێراق دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی عێراق
  2023-09-20       428       

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە بەغدا كۆبونەوە. عامری جەختی كردۆتەوە كە دەستدرێژی بۆ سەر هەر شوێنێكی خاكی عێراق دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی عێراق و دەشڵێت: پێویستە تواناكانی بەرگریی ئاسمانی عێراق بەشێوەیەك بن بتوانێت وەڵامی هەر دەستدرێژییەكی دەرەكی بداتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی عامری، لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئیدانەی دەستدرێژییەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەتی لە سلێمانی كردوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، عامری جەختی كردۆتەوە كە دەستدرێژی بۆ سەر هەر شوێنێكی خاكی عێراق، دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی عێراق و داواشیكردوە، سەرجەم هێزە بیانییەكان لە خاكی عێراق بچنە دەرەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، عامری جەختی لەوە كردۆتەوە كە پێویستە عێراق تواناكانی بەرگری ئاسمانی خۆی بەشێوەیەك دەستەبەربكات كە توانای پاراستنی ئاسمان و سەروەری وڵات و هەروەها بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەكی دەرەكی هەبێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا باس لەپرسە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغداو هەولێرو دۆخی ئابوری كراوەو جەخت لە گرنگی چارەسەركردنی كێشەكان بە گفتوگۆو پابەندبون بە دەستور كراوەتەوە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرسی بە پارێزگابونی هەڵەبجەش كراوەو لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، یەکدەنگی و یەکگرتوییمان بەرامبەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە و پێویستە هەمومان پشتیوانیی لێبکەین.

سەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی، تێکەڵکردنی هەڵەبجە بە کێشە سیاسییەکان مایەی نیگەرانییە، چونکە ئەم پرسە پەیوەستە بە ویژدان و بەرپرسیارێتیمانەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×