قەتەر: ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی دو رۆژی دیكە درێژدەكرێتەوە
  2023-11-27       369       

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، رێككەوتن كراوە بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە بۆ ماوەی دو رۆژی دیكە.

ئاوێنە: ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكی كورتدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتی"دەوڵەتی قەتەر لەچوارچێویە نێوەندگیری بەردەوامدا رایدەگەیەنێت رێككەوتن كراوە بۆ بۆ درێژكردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی دو رۆژی دیكە لە كەرتی غەززە."

پێشتر رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیەندرا، كە ئەمڕۆ دوشەممە، دوایین رۆژی ئەو ئاگربەستە بو كە قەتەر وەك وڵاتێكی نێوەندگیر رایگەیاند، ئاگربەستەكە بۆ ماوەی دو رۆژی دیكە درێژكراوەتەوە.

هاوكات بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئاگربەستەكە بۆ ماوەی دو رۆژی دیكە، بەهەمان ناوەڕۆك و مەرجەكانی پێشترییەوە بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی رێككەوتنی ئاگربەستە چوار رۆژییەكە، حەماس هەر بارمتەیەك ئازاد دەكات لەبەرامبەر ئازادكردنی سێ دیلی فەلەستینیدا. تاوەكو ئێستا 39 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرامبەر 117 دیلی فەلەستینیدا ئازادكراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×