سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، ٥٠٪ی ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی دەبنەوە و دەشڵێت؛ فەیسبووک زۆرترین توندوتیژی ئەلیكترۆنی دژی ژنانی تێدا ئەنجامدراوە.
فازل غەراوی سەرۆكی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤی عێراق لە بارەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی دژی ژنان لە عێراق بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێن.
فازل غەراوی ڕایگەیاند، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە ژنانی عێراق ڕووبەڕووی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی دەبنەوە، ئەو پێگانەی پلەی یەكەمیان هەیە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی ئەلیكترۆنی بریتین لە فەیسبووك و مەسنجەر بە ڕێژەی ١٨.٣٪، دواتر پێگەی ئینستاگرام بە ڕێژەی ٨.٥٪، دواتر واتسئاپ بە ڕێژەی ٧٪، پاشان تێلیگرام و تویتەر بە ڕێژەی ٥.٦٪.
ئاماژەی بەوەشكرد، ٥٠٪ی ژنانی هەراسانکراو لە عێراق بەركەوتەی توندوتیژی ئەلیكترۆنی و قسەی نەشیاو و بازرگانیكردنن بە مرۆڤ دەشڵێت؛ ئەم ڕێژەیە لە ساڵانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، ئەگەر بەردەوام بێت، دەگاتە مەترسیدارترین ئاست لە پێوەرەكانی توندوتیژیی دژی ژنان.
لە كۆتایدا داوای لە حكومەت كرد، سیاسەتێكی نیشتمانی بۆ ڕێگریكردن لە توندوتیژیی ئەلیكترۆنی دەستپێبكات، تاوانەكانی ئیبتیزاز و هەراسانکردن و توندوتیژی ئەلیكترۆنی دژی ژنان بە تاوانی گەورە لەقەڵەم بدات، چونكە ئەمە زیان بە ئاسایشی كۆمەڵگا دەگەیەنێت.