2019-10-20   2067     
ڕۆژنامەی گاردیان نامەی کۆمەڵە نووسەرێکی جیھانیی بەناوبانگی بۆ یەکێتی ئەوروپا بڵاوکردۆتەوە، نامەکە پێد اگرتنێکی ئەخلاقییە لەسەر ئەو ڕۆڵەی پێیستە نووسەران و ڕۆشنبیران لە دونیادا بیبینن. نامەکە داوای ڕێگەگرتن لە بەردەوامی ئەو جەنگە دەکات کە ئەردۆگان بەرامبەر کوردانی ڕۆژئاڤا ھەڵیگیرساندوە. نووسەرەکان خۆیان وەک نوێنەری ویژدانە ئینسانیی و فەرھەنگییەکەی ئەوروپا نیشانئەدەن و پێیانوایە ئەوروپا نابێت لەبەرامبەر ئەم جەنگەدا بێدەنگ بێت. لەدیدی ئەم نووسەرانەدا ئەم جەنگە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئەوروپاوە ھەیە، چونکە ئەو چەکانەی لەم جەنگەدا بەکاردێن ئەو چەکانەن کە ئەوروپا دروستیکردون و ئەوروپا فرۆشتونی.
ئاوێنه: خاڵێک کە ئەم نووسەرانە جەغتی لێدەکەن ئەوەیە کە ئەردۆگان درۆ لەگەڵ ھەموو جیھاندا دەکات، بەوەی ئەو جەنگە وەک جەنگ ناونەبات و وەک ھەوڵدانێک بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتیی دەیناسێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش وشەیەک ئەمڕۆکە لە تورکیادا ناتوانرێت باسبکرێت وشەی جەنگە. ھەموو باسکردنێکی وشەی جەنگ لەو وڵاتەدا وەک تاوان و خیانەتی نیشتیمانی وێنادەکرێت، ئەو کەمە دەنگە ئازادانەش کە ماون و دەوێرن بەڕوونی بدوێن و جەنگەکە وەک جەنگ ناوبنێن، ڕووبەڕووی سەرکوت و ھێرش و زیندانیکردن دەبنەوە.
نووسەرەکان داوادەکەن ئەوروپا یەکدەنگ بە ھانای کوردەکانەوە بچێت و گوێ لەو حیکایەتە درۆزنانە نەگرێت کە ئەردۆگان بۆ دونیای دەکات.
نووسەرەکان: ڕۆبێرتۆ ساڤیانۆ، سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ، فێرناندۆ ئارامبورۆ، ماری ئەوگە، مارتن کاپارۆس، ئانی ئێرناوکس، ئیلێنا فێرانتە، بێرنارد ھێنری لیڤی، حەنیف کورەشی، سەلمان ڕوشدی، ماریۆ فارگا لۆسا، ھێرتا مولەر، ڕۆبەرت ھاریس.