زانیاری لەبارەی توشبوەکەی خەلیفان و دۆخی سنورەکە
  2020-03-29       954       

ئاکۆ حەمەد رابی، سۆران:

ئەو هاوڵاتیەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، ناوی (د.ش)ە، تەمەنی سەروی 30ساڵەو لە ڕۆژی سێشەممە 10ی ئازاری 2020لە وڵاتی بەریتانیا گەڕاوەتەوە.

کاتێک کە ئەو گەنجە لە وڵاتی بەریتانیا گەڕاوەتەوە، چوار ڕۆژ دواتر واتە ڕۆژی شەممە 14ی ئازار پڕۆسەی کەرەنتینەکردنی ئەو هاوڵاتیانە دەستیپێکردوە کە لە بەڕیتانیا دەگەڕانەوە. واتە پێش ئەو بەروارە هیچ هاوڵاتیەکی گەڕاوەی بەریتانیا، کەرەنتین نەکراوە.

مەترسیەکە چیە؟
کێشەکە ئەوەیە کە دوای نۆزدە ڕۆژ لە گەڕانەوەکەی، ئێستا دەرکەوت کە ئەو هاوڵاتیە توشی نەخۆشی کۆڕۆنا بوە. مەترسیەکەش ئەوەیە کە لەساتی هاتنەوەی لە بەریتانیەوە، هەر لە فڕۆکەخانەی هەولێر تاکو ماڵەوەو دواتر نیشتەجێبونی لە خەلیفان، ڕەنگە بەرکەوتنی لەگەڵ چەندین کەسی دیکە هەبێت. جگە لەوەش برایەکی توشبوەکە پۆلیسە، ئەو برایەشی بەرکەوتنی لەگەڵ پۆلیسەکانی دیکە هەبوە. خۆشی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بینیوەو ئەو ماوەیە لە خەلیفان زۆر گەڕاوە،ئەمەش مەترسیدارە. چونکە وەک زانایان و پزیشکان جەختی لێدەکەنەوە کە ڤایرۆسەکە بەهۆی بەرکەوتن و دەست لێدان و کۆکەو پژمین دەگوازرێتەوە. هاوکات ڤایرۆسەکە لەسەر قوماش، ئاسن، دراو، ستیل، شوشەو لایلۆنیش بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە.

دۆخی خەلیفان دوای یەکەم حاڵەتی نەزانراوی کۆڕۆنا
دوای ئاشکرابونی یەکەم هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا، دۆخی شارۆچکەکە بێدەنگو کشو ماتە. پۆلیسی ناوچەکە بە ئۆتۆمبێل بەناو شەقامەکاندا دەسوڕێتەوەو لە ڕێگەی مایکرۆفۆنەوە داوا لە خەڵک دەکات لە ماڵەوە بمێننەوەو بە پیادەش نەهێنە دەرەوە. هاوکات بەڕێوەبەری یەکەی ئیداری ناحیەکە ڕایگەیاندوە کە هەمو ڕێکارێکی پێویست لە شارۆچکەکە گیڕاوەتە بەر.
دەتوانین بڵێین کە ئێستا ناحیەی خەلیفان لە دۆخی رانەگەیەنراوی کەرەنتینەدایە.

چارەسەر چیە؟
باشترین چارەسەر ئەوەیە کە هەر هاوڵاتیەک لەماوەی ئەو نۆزدە ڕۆژەدا، بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسەدا هەبوە کە لە بەریتانیا گەڕاوەتەوە پێویستە دەستبەجێ تیمەکان و لیژنەی بەرەنگاربونەوەی کۆڕۆنا ئاگادار بکاتەوەو هاوکات پێویستە هاوڵاتیانیش لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوەو خۆیان کەرەنتینە بکەن و هیچ بەرکەوتن و هاتوچۆیەک ئەنجام نەدەن تاکو پشکنینیان بۆ دەکرێت. دواتریش پێویستە چەند تیمیکێ پشکنین و تیمی پزیشکی بچنە خەلیفان و هەمو ئامادەکاریەکی پێویستیش بگیرێتە بەر، تاکو بتوانرێت نەخۆشیەکە لەوە زیاتر نەگوازرێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×