وه‌زیری‌ ناوخۆ: بڕیارماندا قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ تا 10 رۆژی‌ دیكه‌ درێژبكه‌ینه‌وه‌
  2020-03-31       687       
قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆ له‌شاری‌ سلێمانی‌

وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد كه‌ بڕیاریانداوه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ تا 10 رۆژی‌ دیكه‌ درێژبكه‌نه‌وه‌.

ئاوێنه‌: رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا كۆبوه‌وه‌و بڕیاریدا قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ تا 10 رۆژی‌ دیكه‌ درێژبكه‌نه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی‌، بڕیاره‌كه‌ له‌كاتژمێر 12ی‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ تا تا كاتژمێر 12ی‌ شه‌وی‌ 2020/4/10 ده‌خایه‌نێت.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ته‌ئكیدی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ڕێگه‌ به‌هیچ گه‌شتیارێك نادرێت بێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ بڕیاری‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ كاریگه‌ری‌ باشی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا.

وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داواشی لەهاوڵاتیان کرد چۆن تاوەکو ئێستا پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بون، زیاتر دانبەخۆیاندا بگرن. ئه‌و وتی‌، "ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ نەبوایە ژمارەی توشبووان بەهەزاران دەبو".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ داهاتی ناوخۆ کەمیکردووەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی راگیراوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە". 

سەبارەت بەوانەی لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان هاتوچۆیان کردووەو لەشارەکانی خۆیان نەماون، رێبەر ئەحمەد وتی‌، دەتوانن لەماوه‌ی‌ 72 کاتژمێری داهاتودا بگەڕێنەوە نێو ماڵەکانی خۆیان.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ رێگە به‌هیچ کەسێک نادەن لەژێر هەر ناوێکدا بێت ئەم دۆخە تێکبدات‌و هانی‌ شكاندنی‌ قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆ بدات‌و رێکاریی یاسایی لەبەرامبەر دەگرنەبەر. 

 

به‌پێی‌ دوایین ئاماری‌ وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، کۆی گشتی توشبووان بەڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لەهەرێمی کوردستان گەشتۆتە 162 توشبو، لەنێویاندا 2 مردن هەیەو 57 توشبوش چاكبونه‌ته‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×