نامەیەکی کراوە بۆ جەنابی کاک کۆسرەت رەسول عەلی
  2020-04-09       4623       

گۆران عەبدوڵا

 

دەمەوێ لەڕێی ئەم نامەیەوە داواکارییەکت ئاراستە بکەم لە بارەی دۆخی خراپی هەولێری پایتەختەوە بەدەست کۆرۆناوە. هیودارم خوێنەری نامەکە بی و داواکارییەکەمان جێبەجێبکەی.
لە زەمەنی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیدا، لە هەولێر خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بووین. لە زۆنی سەوز و پێش ئەوەی بگەینە کۆتا بازگەی یەکێتی، خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵکی هەولێر بۆ جەنابت زۆر ڕوون دەردەکەوت. لەم بەر و ئەو بەری جادەکە، ناوی ئێوە لە سەر ئەرز نووسرابو بە بەردی سەوز رەنگکراو.
لە هەولێریش، خوێندکارە یەکێتیەکان بە نهێنی و سەرسامەیەکی گەورەوە باسی ئازایەتی و دڵسۆزی و گیانفیدانی ئێوەیان دەکرد. رۆژ نەبوو چیرۆکی داستانەکانی زەمانی بەعس و ڕزگاردنی هەولێر وەکو نموونەی قارەمانێتی ئێوە نەهێننەوە.
لە رۆژە ڕەشەکەی شوباتی ٢٠٠٤ کە تیرۆریستەکان دەستان لە هەولێر وەشاند، ئێمە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری خەفەر بووین. هاوڕێکانت بە بۆیەنباغی سوورەوە و پێکەنین و کامیراوە دەهاتن بۆ سەردانی کاک عدنان موفتی کە لە نهۆمی یەکی نەخۆشخانەکە خەوێنرابو بەهۆی برینەکانی قاچ و گەرویەوە. ئێوە بە ڕیشێکی درێژ و دەموچاوێکی خەمبار و کراسێکی بۆر و شەڕواڵێکەوە هاتن بۆ ڕزگاری. پێش ئەوەی بچی بۆ لای کاک عدنان چوی لە ئینعاش سەردانی دایکی شەهید خەسرەو شێرەت کرد. ئەو لە خەمی لەدەستدانی کوڕەکەی لە تەقینەوەکەدا لە ئینعاش داخڵ بوو. ئێمەی موقیمت بانگکرد و ئەمرت کرد کە زۆر ئاگامان لەو ژنە بەڕێزە بێ.
تاوەکو رووخانی بەعس، ئێمە ئاوەها جەنابتانمان ناسی. بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ەوە ئێمەومانانی ئەوانەی لە کەرتی تەندروستی کار دەکەین، کاک کۆسرەتێکی دی پیشانماندرا. دارودەستەکەت کاک کۆسرەتێکیان پیشانداین کە نەخۆشخانەی تایبەت و بزنسی دەرمانی هەیە. کۆسرەتێک کە لە راپەڕین خاکی هەولێری رزگارکرد بەڵام دوای رووخانی بەعس عەردی برد بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بەناوی کوڕەکانی خۆیەوە. کاک کۆسرەتێک کە پێش ڕاپەرین پارەی بەعسی برد و دایە نان و چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە بەڵام دوای بەعس بەناوی دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ خێزانی شەهیدان پارەی لە حکومەتی هەرێم وەرگرت و کردی بە نەخۆشخانەی تایبەت.
ئێستا پیرە هەولێر لە تەنگانەدایە. وەکو بەعس و داعش، هەوری رەشی کۆرۆنا قەڵا و مەنارەی پەلامارداوە. لەم دۆخە ناخۆشەدا، سەرباری نەخۆشیی خۆت، هێشتا چاومان لە نەبەردی و ئازایەتیەکی دیکەیە.
فەرموو ئەوانە بە هەڵە بخەرەوە کە تۆیان وەکو بزنسمانی بواری تەندروستی بە ئێمە پیشاندا. هەلی ئەوە ڕەخساوە دیسان خۆشەویستی خۆت بۆ خەڵکی هەولێر پیشاندەی. چانسی ئەوە هەیە نەخۆشخانە تایبەتەکەی پار بخەیتە خزمەتی خەڵکی هەولێرەوە. داوات لێناکەین نەخۆشخانەکە بە تەواوەتی پێشکەشی حکومەت و خەڵکی کوردستان بکەی. داوات لێناکەین ئەو ئەرز و پارەیەی لە حکومەت وەرگیراوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە بدرێتەوە دەمامک و دەستکێش بۆ پاراستنی پزیشکان و کارمەندان. داوات لێناکەین هێچ نەبێ بۆ هەژاران و دایکی شەهیدان، خزمەتە گرانبەهاکەی شار داشکانی بۆ بکرێ.
ئەو داواکارییانەت لێناکەین چونکە ئەزانین دەوروبەرەکەت ڕیگا نادەن. بەڵام خۆ دەکرێ هیچ نەبێ، بەبێ بەرامبەر پێشوازی لە نەخۆشی کۆرۆنا بکەن لە نەخۆشخانەی پاردا. هیچ نەبێ دەکرێ نەخۆشخانەکە بخرێتە خزمەتی ئەو نەخۆشانەی نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان بە قورسی نەگرتووە.
ئەو نەخۆشانە وەکو دایکی خەسرەو شێرە، دایک و باوک و خزم و کەسوکاری هاوڕێ پێشمەرگەکانتە. کاتی خۆی بە ئێمەت دەوت ئاگاتان لێیانبێ، ئێستا جەنابت بە کردار دەتوانی لەرێی نەخۆشخانە تایبەتەکەتەوە لە ئێمە باشتر ئەو کارە بکەی.
لە کۆتایشدا دیسان دەمەوێ باسی یادگارییەکی دیکە بکەم لەگەڵ جەنابتا. پێش ١٧ی شوبات لەگەڵ ڕێکخراوەکانا سەردانی ئێوەمان کرد لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەتان لە سلێمانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. هاوڕێکانت هەمویان ئاگریان لێدەباری و هەڕەشەیان دەکرد. جەنابت تاقە کەس بوی کە زۆر بە مەوزوعیەتەوە باسی هۆکارەکانی توڕەیی خەڵکت کرد و رەخنەت لە خۆتان و حیزبەکەتان گرت. ئەوەتیش وت کە گەندەڵیەکانی بوارە جیاجیاکان کڵپەی توڕەیی خەڵک خۆشدەکا. ئێستاش چاومان لەسەر ئەوەیە لەخۆبوردووانە رۆڵتان هەبێ لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە ڕووی لە هەولێری ئازیز کردوە و لە ڕیی نەخۆشخانەکەتەوە تیماری هەندێ لە برینەکانی بکەی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×