مۆتکەی حزبایەتی و سیاسەتکردن لەباشووری کوردستان

سیروان حەمەڕەشید
  2020-09-30     597
 سیاسەت بەمانا زانستیەکەی بریتیە لە کردە و جوڵەی عەقڵانی و حیکمەت و هونەری پیادەکردنی دەسەڵات و بەرێوەبردن. 
هەڵبەتە یەکێک لە کەرستە و ئامرازە بنچینەیەکانی کاری سیاسەکردنیش پێکهاتووە لە گرووپ  و حزب و ڕێکخراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خاوەن بەرنامە و ئایدیۆلۆژیا و پڕۆژەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری.
دیارە وەک فۆرم و مۆدێل حزبی سیاسی مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە و جێگردنی سیستمی دیموکراسی ئەورووپا  بۆ ساڵی( 1850 ) واتە لەدایکبوونی حزبی سیاسی دەرهاویشتەی  گەشەکردنی  کەلتوری مەدەنیەت و  فرەیی و سیکۆلاریزم و قوناغی ڕۆشنگەری و مۆدێرێنیە...
 لێرەدا بۆ چوونە ناو بابەتەکەوە سەرەتا پێناسەی حزبی سیاسی دەکەین و دواتر دێنە سەر  فۆرم پێکهاتە و زەمینەی سەرهەڵدان و دەورو و ڕۆڵی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و ململانێی گەیشتن بەناوەندی بڕیار و دەسەڵاتدا ..
 هاروڵد لاسوێل و ئبراهام کابلان باس لە حزبە سیاسیەکان دەکەن و دەڵێن: " گروپێک لەتاکەکان، کێشە گشتییەکان دەخاتە پێش چاو و پاڵێوراوەکانی دەخاتە ڕوو بۆ هەڵبژاردن" یان ڕوبرت.م. ماکیفر دەڵێت: "حزبی سیاسی ئامرازی دیموکراسی نوێیە"
بێگومان حزبی سیاسی لەکۆمەڵێک و ڕەگەزی بنەڕەتی پێکهاتووە:
 1- ڕێکخراوێکی هەمیشەی بێت، تەنانەت دوای نەمانی سەرکردەکانیان.
2- ڕێکخراوێکی تەواو پتەوبێت، لەسەرکردەوە تاخوارەوە لەناو وڵاتدا بوونیان هەبێت.
3-هەوڵبدات بەشداری لەدەسەڵات و  حکومڕانیدا بکات.
4- خاوەنی هێزێکی جەماوەری فراوان بێت.
یان دەتوانین بڵێین لانی کەم بەشێوەیەکی گشتی حزب ئەم پێنج ڕەگەزە سەرەکییە لە حزبی سیاسیدا هەبێت.
1- جەماوەر---2-  پڕەنسیپ---3- ڕێکخستن--- 4- سەرکردایەتی---5- ئامانجی گەیشتن بەدەسەڵات.
ئێستاکە ڕوونمان کردوە  لەدایکبوونی حزبی سیاسی زادەی گەشەکردن و جێگردنی پرۆسەی دیموکراسی و مۆدێرنیزمی سیاسی خۆرئاوایە . دەپرسین سەرهەڵدانی حزبی کوردی دەرهاویشتەی چ قوناغ و پاشخانێکی کەلتوری و فەرهەنگ و واقعێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە؟
دیارە سەرهەلدانی حزبی سیاسی لەباشووری کوردستان مەحکومە بەو پاشخانی بیرکردنەوە شاخی و بەستەڵکە خێڵ و دەرەبەگایەتی و ناوچەگەرییە.
دوای بەجیهانیبوون و کرانەوە و  هەرێم بەڕووی دونیادا کەچی هێشتا حزبی کوردی لەچوارچێوەی هەمان بازنە و فۆرمی خێڵ دەسەڵاتچیەتی بنەماڵە و موقەدەساتی سیاسی و سەرکردەدا خول دەخوات، بەجۆرێکی  واکردوە حزب لەدیدگای تەسکی خێڵ و بنەماڵەوە  ئاڕاستەی سیاسەت و حکومڕانی بکات و بەشێوەیەکی ترسناک ببێتە مۆتکە و بەڵا بەسەر ژیانی میللەتەوە، بەڕادەیەک پاوانخوازی و دەسەڵاتی مافیاگەری و تاڵانی سەروت و سامان و پاشاگەردانی وڵات گەیشتوە بە ئاستێکی ئێجگار مەترسیدار ، مایە ئەوپەڕی بێزاری خەڵکە کەهیچ جۆرە ئینتمایەکی بۆ نیشتیمان و حزبایەتی و پرۆسەی سیاسی نەمێنت و لەدڵەوە خوازیاری گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندگەری بەغداد بن.
 دەبێت هەم خەڵک و هەم ئەحزابی کوردی لەو بگەن ئیدی ئەم فۆڕم و مۆدێلەی حزبایەتییە  لای خەڵکی کوردستان  هیچ بەها و گرنگی و چەشنە ئەرزشێکی نەماوە و بۆتە بارگرانی و نەهامەتی  بەسەرجەستەی ماندووی نیشتیمان و خەڵکی دڵ ڕەنجاو و ستەملێکراوەوە...
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×