زیندانەکە دەڕوخێنین یان هەر بەڕێوەبەرەکەی دەگۆڕین؟!

نزار سابیر
  2019-06-30     834

لەم ڕۆژانەی ڕابوردوودا (٢٣/٦/٢٠١٩) بەربژێری پارتی کۆماری‌ی تورکیا (جەهەپە)، ئەکرەم ئیمامئوغڵو، دیسانەوە هەڵبژاردنە دووبارەکراوەکانی شارەوانی‌ی ئەستەنبووڵی بردەوە. ئەمە یەکەم جارە ئەردۆگان و پارتەکەی (ئاکەپە) لە ڕەوتی هەڵکشاوی ١٦ ساڵەی ڕابوردوویاندا دۆڕانێکی وەها بە خۆیانەوە دەبینن. دۆڕانەکەش لە کوێ؟ لە ئەستەنبووڵ. ئەردۆگان، کە چیرۆکی هەڵکشانی خۆی لە شارەوانی‌ی ئەستەنبووڵەوە دەستپێدەکا، دەیگوت، ئەوەی ئەستەنبووڵ بباتەوە هەموو تورکیا دەباتەوە. ئەم دۆڕانەی ئەردۆگان دڵی لایەکی تورکیا و هەموو ئەوروپا و هەموو وڵاتانی ناتۆی خۆشکردووە. ئەنجامەکە هەروەها دڵی گەلێک کورد و لایەنگرانی هەدەبیشی خۆشکردووە، کە گەورەترین و گرنگترین نوێنەری کوردە لە تورکیا؛ ئاخر ئەمان بردنەوەکە بە هی خۆیشیان دەزانن، چونکە بە بێ دەستگیرۆیی‌ی دەنگدەرانی هەدەپە، ئیمامئوغڵو هەرگیز لچی لە بردنەوە نەدەدا. ئەم دەستگیرۆیی‌یەش هەڵبەت وا بە خۆڕایی نییە؛ دانوستانێکی نێوان هەدەپە و جەهەبە ڕێی بۆ خۆشکردووە. 


تۆڵەکردنەوە لە ئەردۆگان؟
٢٠٠٣ کاتێک ئەردۆگان و پارتەکەی هاتنە سەر حوکم گەشبینی‌یەکی گەورە تورکیای بە گشتی و کوردستانی بە تایبەتی داگرت. ئەردۆگان وەک سەرۆک، بۆ یەکەم جار لە مێژووی تورکیادا، دانی بە هەبوونی کێشەی کورددا ناو بەڵێنی چارەسەرکردنی دا. بۆ یەکەم جار کەوتە دانوستانەوە (هەچەندە بە ناڕاستەوخۆ) لەگەڵ گرنگترین هێزی سیاسی‌ و عەسکەری‌ی کورددا لە تورکیا، واتە پەکەکە. داوای لێبوردنی کرد لە ناخۆشی‌یەکانی ڕابوردوو و وەک هێمایەکیش لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی‌ی کۆمار ڕێز لە ئەحمەد کایای گۆرانیبێژی کۆچکردوو نرایەوە و خەڵاتێکیش بە ناوی‌یەوە دامەزرێنرا وەک هەقکردنەوەیەک بۆ ئەو سەرپێهەڵگرتنە ڕەگەزپەرستانەیەی وای کرد کابرا لە پاریسی غەریبی‌دا بەو داخەوە سەر بنێتەوە. دوای نزیکەی ٩٠ ساڵ لە وێرانکران و پشتگوێخران، هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوە و پرۆژەسازی‌ی لە کوردستانی تورکیادا بەرپاکرد، پێشتر وێنەی نەبووە. سەرەکوەزیرانەکەی، داود ئوغڵو، بۆ یەکەم جار وشەی "کوردستان"ی بە دەمدا هات و بەرگری‌ی لەسەر شەرعیبوون و بەکارهێنانی وشەکە کرد. 


هەرچەندە ئەمە لەلایەوەکە هەقی بە خەیاڵی ئیسلامی-عوسمانی‌یانەی ئەوانەوە هەبوو، کە هەوڵی دەدا، کورد، وەک کۆمەڵێکی ئێتنی‌ی موسوڵمان، بۆ پڕۆژە عوسمانی‌یە نوێیەکەیان بباتەوە، لە لایەکی گرنگترەوە هەقی بەوەوە هەبوو، ئەردۆگان و پارتەکەی، وەک هەموو پارتە سیاسی‌یەکانی پێش خۆیان، پێویستیان بە دەنگی دەنگدەری کورد بوو بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان. 


پەکەکە هەردوو لایەنەکەی لێ تێکدان: لە سووریا پەیەدە و هێزە کاریگەرەکەی، یەپەگە، توانییان دەست پێشبخەن و دەسەڵاتی سیاسی و عەسکەری‌ی خۆیان بەسەر ناوچەیەکی بەرچاوی باکووری سووریادا، بە درێژایی‌‌ی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیادا، بسەپێنن. لە تورکیاش هەدەپە توانی‌ی زۆربەی دەنگی کورد بۆ خۆی کۆبکاتەوە و بۆ یەکەم جار لە مێژووی تورکیادا وەک فراکسیۆنێکی سەربەخۆ بە ٨٠ کورسی‌یەوە لە پەرلەمانی تورکیادا دابنیشێ. 


کاتێک ئەردۆگان و پارتەکەی بۆیان دەرکەوت، قەیرانی سووریا نەک هەر دەرفەت نییە بۆ گەورەکردنی تورکیا، بەڵکو هەڕەشەشە بۆ بچووککردنەوەی ئەوەی ئێستا هەیە، و کاتێکیش بینییان هەموو ئەوانەی کردوویانە زۆرینەی دەنگی کوردیان بۆ مسۆگەر ناکا، ١٨٠ پلە سوکانیان وەرگێڕا و لەگەڵ لایەنە هەرە ڕەگەزپەرستەکەی تورکیادا، مەهەپە، پەیمانیان بەست. ئەمە ئەوەی لێ کەوتەوە، گفتوگۆ لەگەڵ کورددا بوەستێنن و ئاووهەوای تا ئەندازەیەک کراوەی کوردستان گرژبکەنەوە؛ بە شێوەیەکی فراوان هاوکاری‌ی لۆژیستی و بەشەری‌ی داعش بکەن بۆ جێلێژکردن بە کورد لە سووریا (و تەنانەت لە ئێراقیش)؛ بە زۆری زۆرداری شارەوانە هەڵبژێرراوەکانی کوردستان لابدەن و ئەوان و زۆربەی سەرکردەکانی هەدەپە، بە سەڵاحەدین دەمیرتاشی سەرۆکیشەوە، بخەنە زیندانەوە؛ تەنگ بە زمانی کوردی هەڵبچننەوە و زۆربەی کەناڵە تەلەفیزۆنی‌ و دەزگای چاپەمەنی‌یە کوردییەکان دابخەن؛ دوژمنایەتی‌یشیان بەرانبەر بە کورد بە داگیرکردنی عەفرین و دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی و تورکاندنی هەرێمەکە بگەیەننە لوتکەیەکی بەرز. 


ئەردۆگان، کە وەک سیاسی‌یەکی زۆر پراگماتیک لە هیچ دووڕوویی‌یەک ناپرنگێتەوە، لێدوانە بەناوبانگەکەی خۆیی لەسەر کێشەی کورد بەدرۆخستەوە و گوتی، هیچ شتێک بە ناوی کێشەی کوردەوە نییە لە تورکیا. پاشانیش لە سەرودەمی پێش هەڵبژاردنە شارەوانی‌یەکانی ٢٠١٩دا ڕایگەیاند: "لە تورکیادا کوردستان نییە. ئەوانەی ئاشقی کوردستانن، با بچن بۆ باکووری ئێراق". 
هەدەپە بە یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بە قازانجی جەهەپە دەری‌خست، هێشتا دەتوانێ تەئسیری هەبێ و لووتی ئەردۆگان بشکێنێ. بەڵام هەموو ئەمە چی‌ی بۆ کورد بە گشتی و هەدەپە بە تایبەتی تێدایە؟


جەهەپە 
ئەمە یەکەم جار نییە جەهەپە بە یارمەتی‌ی دەنگی کورد هەڵبژاردنان دەباتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٧٣دا جەهەپە، بە سەرۆکایەتی‌ی بولانت ئەجاوید، توانی‌ی زۆربەی دەنگەکانی کورد بۆ خۆی بەدەستبهێنێ و بەوەش وەک براوەی یەکەم حکوومەت پێکبهێنێ. سلێمان دیمیرێل، سەرۆکی پارتە ڕکابەرەکەی ئەوکاتەی جەهەپە، لە سەروبەندی پێش هەڵبژاردنەکاندا، بە هەمان شێوەی ئەردۆگان، ڕایگەیاندبوو: "هەرکەسێک هەست ناکا تورکە، یان بەختەوەر نییە لە تورکیا، با بچێ بۆ شوێنێکی دیکە". 


ئەجاوید، کە وەک سیاسی‌یەکی چەپڕەو و میانڕەو دەبینرا، هەر دوای ٥ ساڵ باری نائاسایی‌ی بەسەر هەموو کوردستاندا سەپاند. ١٩٩٩یش، دیسانەوە وەک سەرەک وەزیران، بەوپەڕی شانازی‌یەوە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕاگەیاند. ئاخر جەهەپە پارتەکەی کەمال ئەتاتورکە؛ باوکی تورک؛ دامەزرێنەر و ڕێبەر و ئەندازیار و ڕێنیشاندەری کۆماری نوێی تورکیا؛ ئەو پارتەی لەژێر دروشمی "بەخەتەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم" و "یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان، یەک دەوڵەت"دا بە درێژایی‌ی سەدەی بیست خەریکی لەکۆڵکردنەوەی کورد بوو؛ چ بە قڕکردن، چ بە ڕاگواستن، چ بە قەدەغەکردنی زمان و کولتوور و ناوهێنانی کورد؛ ئیدی لە ڕۆژگاری ئەتاتورک خۆی‌دا بووبێ یان ئیسمەت ئینونو یان ئەجاوید و بایکاڵ. دەنیز بایکاڵ، کە تا ٢٠١٠ سەرۆکی پارتەکە بوو، پێشنیاری ئەوەی دەکرد، سوپای تورکیا بە تەواوەتی کوردستانی ئێراق بگرێ.


دەنگدەرێکی ڕەنجەڕۆ
لە ڕاستی‌دا هەموو پارتە سیاسی‌یە تورکەکان، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابوردووەوە کە ڕێ بە فرەپارتایەتی و ژیانی پەرلەمانی دراوە، لێزانانە و هەلپەرستانە دەنگدەرانی کوردیان بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌ی فرەپارتانەدا لە ساڵی ١٩٥٠دا پارتی دیموکراتی نێوەند ڕاستڕەو بە سەرۆکایەتی‌ی عەدنان مەندەرەس توانی‌یان دەنگی کورد، کە داخی سیاسەتە خوێناوی‌یەکانی جەهەپە هێشتا سەر سنگی توند کردبوون، بۆ خۆیان ڕابکێشن و دەسەڵات بگرنە دەست. سەید سەعیدی نورسی (کوردی)، کە لەناو کۆمەڵی بەدینی مەحافیزکاری کوردستان و تورکیاشدا بە تەئسیرترین دەنگ بوو، لە زیندانەوە هانی شوێنکەوتووانی خۆی دەدا دەنگ بە پارتی دیموکرات بدەن. مەندەرەس بانگی لە تورکی‌یەوە کردەوە بە عەرەبی و قەدەغەی لەسەر حوجرە دینی‌یەکان لابرد، ئاغا و سەرۆک هۆزە کوردە ڕاگواستراوەکانی گێرایەوە بۆ کوردستان و دەستی واڵا کردن بۆچەساندنەوەی فەلاحەکان و برەودانەوە بە سیستەمی دەرەبەگایەتی. بەڵام بە درێژایی‌ی ئەو دە ساڵەی حوکمی کرد تا کودەتاکەی ١٩٦٠ و لە سێدارەدانی نەک هەر دەروویەکی سیاسی‌ی لەسەر کورد نەکردەوە، بەڵکو وەک کەمالی‌یەکان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی ئینکارکردنی هەبوونی کورد. کەمێک قوتابخانە و خەستەخانەی لە کوردستان کردنەوە، کە ئەوەش بوو بە یەکێک لەو تۆمەتانەی دەوڵەتی تورک لەسەری هەڵیانواسی. ئەم چیرۆکە بۆ هەموو دەورانە جیاجیاکانی هەڵکشان و داکشانی پارتە سیاسی‌یەکانی تورکیا ڕاستە، بە ڕەچاوکردنی فەرقێکەوە کە کەم نییە: 


ئەوسا کورد هیچ نوێنەرایەتی‌یەکی سیاسی‌ی سەربەخۆی نەبوو و دەنگدەری کورد، لە بەرژەوەندی‌یەوە بووبێ یان لە ترسدا، بێ هیچ کەناڵێکی سیاسی‌ی ڕێکخراو و ئاراستەکراو دەنگی بە پارتە تورکی‌یەکان دەدا. بەڵام ئێستا هێزێکی سیاسی‌ی ڕێکخراو و بەدیسیپلینی کورد لەپشت دەنگدانی کوردەوەیە بە جەهەپە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا هەدەپە بە هەڵساندنەوەی جەهەپەی کەمالی دەتوانێ سیستەمی کەمالی‌یانەی دەوڵەتی تورک بگۆڕێ؟ ئایا بەمە خۆی ڕزگار دەکا یان دەوڵەتی تورکیا؟


لە کاتێکدا دەمیرتاش و ئۆجەڵان لە زینداندان و میوانی سەرەکی‌ی ئەو ژوورە تۆقێنەرانەی ئەو زیندانانە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا بە هەزاران گەنج و پیر و کچ و کوڕی کورد؛ لە کاتێکدا تورکیا بۆ هەموو کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەموو دونیا بۆتە زیندانێکی سیاسی‌ی هەمیشەیی؛ هەدەپە بەم هەنگاوەی زیندانەکە دەڕووخێنێ یان هەر وەک ئەوانەی پێش خۆی بەڕێوەبەرەکەی دەگۆڕێ؟


سەرنج: ئەمە بەشێکە لە زنجیرە گوتارێک
٢٧/٦/٢٠١٩

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×