مێژوو قەرزداری تۆیە رابەرە مەزنەکە

ئارام ره‌فعه‌ت
  2020-10-02   

دوێنێ، ١ی١٠ی٢٠٢٠ دڵە مەزنەکەی بابە شێخ، رابەری رۆحی ئێزیدیەکان لە لێدان کەوت.
بابەشێخ لە دەروازە هەرە مەزنەکەی مرۆڤبوونەوە چووە ناو مێژوو. ئەو لە دوای ژینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن فاشیستەکانی داعشەوە، بڕیارێکی هەرە مەزن و کەموێنەی لە مێژووی سەرجەم ئایینەکانی ئەم گۆی زەمینەدا دا، بڕیاری کردنەوەی باوەشی خۆشەویستی و متمانە و گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ سەدان پاکیزەی ئێزیدی کە کرابوونە کەنیزەک و کۆیلەی سێکسی و کاڵای کڕین و فرۆشتن.
ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەشێک لەو پاکیزانە، لەم پرۆسەی کۆیلەکردن و کڕین و فرۆشی سێکسیدا ببونە خاوەنی منداڵ، تێدەگەین کە بابەشێخ کۆمەڵگای ئێزیدی و کوردستانی لە چ کارەساتێکی مرۆیی رزگارکرد.
بڕیاری گێڕانەوەی ئیعتیبار و رێز و شکۆ و قەبوڵکردنەوەی ئەو پاکیزانە لەناو کۆمەڵگایەکی پاتریارکی و عەشایەری داخراودا گەورەترین سەروەری و بوێرترین بڕیاری هەر رابەرێکی رۆحی هەر دینێکە. بابەشێخ ئەم تاجی سەروەرییەی خستە سەر.
ئەگەر بابەشێخ تا ٢٠١٤ تەنها رابەری رۆحی ئێزیدییەکان بوو بێت، دوای پێدانەوەی هەلی ژیان و گێڕانەوەی ئومێد و هیوا بۆ سەدان پاکیزە لە دڵشکاوترین و بەدبەختترین و مەزڵومترین کچانی ئەم سەدەیە، ئەو بووە رابەری رۆحی هەموو ئەو کوردستانی و مرۆڤدۆستانەش کە داکۆکی لەمافی مرۆڤ و لە لێبوردەیی و پێکەوە ژیان دەکەن.
بەداخەوە، لە غیابی حکومەتێکی نیشتیمانی، نوخبەیەکی نیشتیمانی و میدیایەکی نیشتیمانی دا ژینئاوایی ئەم رابەرە رۆحییە مەزنە بەبێ دەنگی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا تێپەڕی.
ئەگەر حکومەت و میدیا و نوخبەی نیشتیمانیمان هەبوایە مەرگی بابەشێخ شایستەی ئەوەبوو کە بەفەرمی ماتەمی گشتی لەسەرتاسەر کوردستان رابگەیەنرێت. ئەمەش کەمترین وەفادارییە بەرامبەر رۆڵی بابەشێخ و دەسپێشخەرییەکی نیشتیمانییانەش دەبوو بەرامبەر مەزڵومییەت و دڵشکاوی ئێزیدییەکان.
رۆحت شاد و یاد و یادەوەریت بەرز رابەرە بەرزەکە.

 

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×