ساڵۆزی

شێرزاد شێخانی‌
  2026-06-16     189

هەولێرییەکان تەعبیرێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو کەسانەی خۆیان لە( گێلی ) دەدەن . دەڵێن ( خۆی لە ساڵۆزی دەدا ) . مەبەستیان ئەو کەسانەیە کە هەقیقەت بە روونی بەبەر چاویانەوە دەبینرێ ، بەڵام ئەوان خۆیان لێ لادەدەن وخۆیان بێ ئاگا دەکەن بەرامبەر ئەو هەقیقەتە .

لە تەنگژەی ئەمڕۆی کوردستاندا ئەم ( ساڵۆزییە ) زۆر بە ئاشکرا لە هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینرێ ، بە تایبەتیش لەسیاسەتەکانی بەرامبەر بە دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم . هەر چەندە وا نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە بەڵام تا ئێستاش حکومەتی نوێ دانەمەزراوەو هەر رۆژەو بە بیانوویەک دوای دەخەن و نایانەوێ دان بە واقعێک بنێن کە تازە خۆی فەرز کردووەو بووەتە راستی ونکووڵی لێناکرێ .

- یەکێتی لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا ٢٣ کورسی بەدەستهێنا و پارتیش ٣٩ کورسی . هەڵبەت جیاوازییەکە زۆرە ، بۆیە یەکێتی وەکو هەر حزبێکی ئەم دونیایە مافی خۆیەتی بۆ راگرتنی هاوسەنگی کار بکات بۆ زیادکردنی کورسییەکانی لەپەرلەماندا ئەویش بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ حزبەکانیتری براوەی کورسی پەرلەمان . لەهەمو دونیاشدا هاوپەیمانی کورسی هەیە بۆ دامەزراندن یان بەشدار بوون لە حکومەتدا ، ئەوەی یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ کردی شتێکی عاجباتی نیەو زۆر ئاساییە . تەنانەت خودی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی هەردوو خولی دووەم وسێیەمی پەرلەمانی کوردستاندا نەک هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیدا کرد ، بەڵکو بە یەک لیستیش دابەزینە هەڵبژاردنەکەوە و ئێستاش بیرمانە لۆگۆی لیستەکەیان وێنەی ئەسپە زەردو سەوزەکە بوو . کەواتە ئەگەر بۆ پارتی ئاسایی بووبێ لە قۆناغێکدا هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیدا بکات ، بۆ ئێستا حەڕامە بۆ یەکێتی هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێدا بکات ؟!.

- لەم ماوەیەدا پارتی نەغمەی دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لێدەدا . بە خەیاڵی خۆی ئەمجارە وەکو جاری پێشووی هەڵبژاردنەکانی عیراق زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ دەهێنێتەوە .جارێ پێش هەموو شتێک پرسیارەکە ئەوەیە چۆن هەڵبژاردن دەکرێ لەکاتێکدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نەماوەو هەڵوەشاوەتەوە ؟. ئەوەی عیراقیش خەریکە ویلایەتەکەی تەواو دەبێ و شەش مانگ کەمتر ماوە بۆ کۆتایی ئەویش . ئینجا گریمان پارتی دوو ملیۆن دەنگیشی هێناو ٩٥ کورسی پەرلەمانی بردەوە پێنج کورسیەکەی تریش بۆ یەکێتی بوو . دیسان گریمان پارتی حکومەتیشی دامەزراندو لە ٢٥ وەزارەت بیستی بۆ خۆی بردو پێنجەکەی تریشی دابەشی سەر پێکهاتەکان ودوو کورسیش بۆ یەکێتی مایەوە . بە هەموو عەقڵییانەوە یەکێتی کە خاوەن نفووزی سەر نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانە بەم دابەشکارییە رازی دەبێت ودەچێتە ناو کابینەیەکەوە بە سەرۆکایەتی پارتی ؟! .

-  یەکێتی و نەوەی نوێ جەماوەری دەنگدەری خۆیان هەیە ، لە هەر هەڵبژاردنێکی داهاتووشدا ئەگەر هەمان دەنگیش نەهێنن ، با یەک دوو کورسیشیان لە دەست بچێ ، ئینجا چی لە وەزعەکە ئەگۆڕێ ؟. ئەو هاوکێشەیەی ئێستا هەیە هەر ئەوە بەردەوام دەبێ ، کەواتە سوودی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لەکوێدایە ؟.

حەقیقەتێک هەیە تا ئێستا پارتی ناتوانێ دانی پێدا بنێت ، ئەویش ئەوەیە یەکێتی ئیستا هەمان یەکێتی جاران نیە سازش لە مافەکانی خۆی بکات لەپێناو سازانی نیشتمانی ، لەکاتێکدا پارتی تا سەر ئێسقان دژایەتی یەکێتی و سەرکردەکەی دەکات و لەبەغداو هەرێمیش هەوڵی پەراوێزخستنی ئەدات ، بێگومان ئاساییە یەکێتیش کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر ئەم سیاسەتە . لەلایەکی تریشەوە ئەو ململانێیەی نەوەی سێیەمی هەردوو حیزب ، ململانێیەکی سروشتی وئاساییە ، بەڵام دەبێ هەردوولا یەکتریان قبووڵ بێ و لەچوارچێوەی ململانێیەکی شەرعیدا کار بکەن و بەرژەوەندی هەرێمیشیان لەبەر چاو بێت و کەسیان کار بۆ ئاوتکردن و سڕینەوەی ئەویتر نەکەن چونکە ئەم ملمڵانییەی لە نەوەی یەکەمەوە دەستی پێکردووە دوای شەست ساڵ هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە  و ڕەنگە بۆ نەوەی چوارەم وپێنجەمیش شۆڕ بێتەوە ، کەواتە ئەوەی ئێستا روودەدات لە سڕینەوەی یەکتر هیچ ئەنجامی نابێ وکارێکی بێهوودەیە .

ئەوەی لێرەدا پێویستە بووترێ ئەوەیە کە پارتی دەبێ تێبگا کە واقیعێکی تازە هاتۆتە ئاراوەو دەبێت قبووڵی بکات نەک خۆی لە ( ساڵۆزی ) بدات . ئەمە کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانە بە رووی حوکمڕانییەکی تەندروست کە کێشەکانی میللەت چارەسەر بکات و ئەم قۆناغە سەختەی ئێستای گەلی کوردستان تێپەڕێنێ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×