جاران دروشمی کورد ( کوردستان یان نەمان ) بوو .ئێستا گۆڕاوە بۆ ( یان گیرفان یان قووچان ) .
لەدوای راپەرێنی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان ، یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمیش بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حیزبی سەرەکی ( یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان) بە شێوازی ( فیفتی- فیفتی) دامەزرا . ئەم شێوازی حوکمڕانییە زۆر دەگمەن بووە تەنانەت لەسەر ئاستی هەموو دونیاشدا ، بەڵام لەبەر بارودۆخی تایبەتی ئەوسای هەرێم تا رادەیەک مەقبوول بوو ، بەڵام دواتر بە هۆی ململانێی هەردوولا لەسەر دەسەڵات کاری حکومەت ئیفلیج بوو لە ئاکامدا گەیشتە شەڕی ناوخۆو بە رووداوەکانی ٣١ ئاب کۆتایی هات و هەرێمەکەمان بووە دوو زۆنی ئیدارەدانی حکومەت . دوای رووخانی رژێمی صەدام جارێکیتر هەردوو زۆنەکە یەکیانگرتەوەو حکومەتی یەکگرتووی بنکەفراوان دامەزرا . ئەوەی مایەی سەرنجە ، لە هەردوو زۆنەکەدا پێش یەکگرتنەوەی حکومەت هێشتا دیاردەی گەندەڵی سەریهەڵنەدابوو ، لەوانەیە هۆکارەکەی بگەڕیتەوە بۆ کەمی داهاتی گشتی ئەگەر چی داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل بەشی ئیدارەدانی حکومەتیشی دەکرد بەڵام پارتی دەستی بەسەردا گرتبوو بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنا .
بە گشتی دەتوانم بڵێم گەندەڵی لەسەردەمی پێش رووخانی رژێمی صەدام لەساڵی ٢٠٠٣ حاڵەت بوو ، بەڵام دوای ئەم مێژووە بووە دیاردەو سەرجەم سێکتەرەکانی حکومەت وحزبەکانی گرتەوە بە تایبەتیش کاتێک ملیۆنان دۆلاری بەغدا رژانە ناو خەزینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان . لەگەڵ ئەوەی ساڵانە هەرێمی کوردستان بودجەیەکی زەبەڵاحی لە بەغداوە بۆ دەنێردراو داهاتەکانی گومرگ وناوخۆ دینارێکیان نەدەگەڕایەوە بەغدا ، لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە هەرێم دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستانیش کرد و ، لە دەیان رێگەی قاچاغەوە نەوتەکەی دەفرۆشت و داهاتەکانیشی دیار نەدەمان، ئەمەش سەرەتای تەشەنەسەندنی دیاردەی گەندەڵی بوو تا لە کۆتاییدا حکومەتی نوری مالیکی لێیان هاتەدەنگ و بودجەو مووچەی هەرێمی بڕی ئیدی لەو رۆژەوە تاکو ئەمڕۆش قەیرانی مووچەو بودجە بەردەوامە .
لەبەر بێ پلانی حکومەتەکانی پارتی و زیادبوونی رێژەی گەندەڵی لەناو حکومەت وحزب وبەرپرسەکان ، قەوارەی هەرێم کەوتە بەر مەترسییەکی زۆر گەورەوە و دەیان قەیرانی تووشهات لەپێش هەموویانەوە شکستی حکومەت لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران وخانەنشینانی . لەولاشەوە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆش شکستیهێناو دەستبرا بۆ بڕینی مووچەو پاشەکەوت ، تا گەیشتە ئەو وەزعەی ئێستا کە هەرێم نقوومبووە لە قەیرانی سووتەمەنی و کارەباو ئاوو غازو گرانی ودابەزینی ئاستی گوزەرانی خەڵک و وەستانی جووڵەی بازاڕ . لەبەرامبەریشدا بە هۆی ئەم هەموو گەندەڵی وتاڵانییەوە دەسەڵاتی حیزب وسەرکردەو بنکردەکانیان بوونە ملیۆنەرو ملیاردێر. هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەم گەندەڵانەوە بەرەو قۆناغێکی زۆر مەترسیدار دەڕۆاو لەنەبوونی دەسەڵاتێکی بەرپرسیارو خەمخۆری میللەت خەریکە قەوارەی هەرێم بەڕەو رووخان ببات .
سەرباری ئەم هەموو قەیرانە قووڵانە و ئەم هەموو مەترسییانەش ، هێشتا دەسەڵاتی کوردی بە خۆیاندا نەهاتوون و نایانەوێ یەک هەنگاو بەرەو چارەسەری ئەم هەموو قەیرانانە بنێن . ئەوان لە بورجێکی عاجی دانیشتوون و لەسەرەوە تەماشای ژێرەوەیان دەکەن و نایانەوێ هیچ ئاوڕێک میللەت و ئازاری خەڵکەکانیان بدەنەوە . تەنانەت نایانەوێ تۆزی عاقڵانەتر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش بخوێننەوەو کارێک بکەن بۆ دووخستنەوەی هەرێم لەو مەترسییە چاوەرانکراوانەی ناوچەکەی گرتۆتەوە . ئەوەتا ئەمریکا چەتری پارێزگاری هەرێمی کوردستانی پێچاوەتەوەو پاش مانگێکیتر یەک سەربازی لەم کوردستانەدا ناهێڵێ . تورکیاش ئێستا گێڕەکەی گۆڕیوە بەلای دەوڵەتی عیراق و خەریکی دامەزراندنی پەیوەندیەکی ستراتیژییە لەگەڵ حکومەتی عیراق ، تەنها بە یەک رێکەوتن ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانەی بۆ عەڕزکراوە ، ئەمەش هەمان خیانەتەکەی شای ئێرانمان بیر دەخاتەوە کاتێک بۆ بستێک سنووری ئاوی لە شەتولعەرەب قوربانی بە شۆڕشەکی گەورەی میللەتی کورد دا ، کە بە داخەوە ئێستا هەمان رێکەوتنی جەزائیر دووبارە دەبێتەوە لەسەر دەستی ئەردۆگان و عەلی زەیدی و ، سەرکردایەتی پارتیش هیچ پەندێکی لەو نسکۆی شۆڕشی ئەیلولدا وەرنەگرت .
ئەمەش با لەولا بوەستێ ، وبا بێینە سەر هەڵمەتی دژە گەندەڵی عەلی زەیدی کە سەرەتاکەی دەستیپێکردووە و بەپێی قسەکانی خۆی تا ئاخیر نەفەس لەگەڵی دەڕواو تەنانەت ئەگەر ژیانی خۆشی لەسەر دانابێ . ئینجا پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ، ئایا ئەو گەندەڵییەی ئێستا زەیدی دژایەتی دەکات هەرێمی کوردستانیش ناگرێتەوە ؟ بێگومان وەڵامەکە ئاشکرایە کە بەڵێ هەرێمیش دەگرێتەوە ، چونکە ئەو هەموو سامانو پارەیەی لەهەرێم دزراوە ئەوانیش هەموویان موڵکی عیراقن و لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە دەکرێ. لەیەک دۆسییەی گەندەڵی عەدنان جومەیلیدا ناوی زیاتر لە پێنج سەد کەسی دەندەڵ ئاشکرا کراوە ، تۆ بڵێی گەندەڵێکی کوردستان دەست بەغدا بکەوێ ناوی چەند هەزار گەندەڵی کوردستان ئاشکرا دەکات . ئەو پارانەی جومەیلی دزیببونی ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ لەناو مەزرەعەو دیوارو تەنانەت بەرمیلی ترشیاتی دەدۆزرێتەوە ، تۆ بڵێی ئەم هەموو ملیاران دۆلارەی دەسەڵاتدارانی کوردستان چۆن و لەکوێ دەشاردرێنەوە ؟. من قەناعەتم وایە هەرچی پارەی دزراوی گەندەڵگارانی کوردستان لەناو ئەشکەوتو مەزرەعەو تەنانەت لە بانکەکانی دەرەوەشدا بن دەستیان بەسەردا دەگیرین ، هیچ گومانیشم نیە لەوەی هەقو حیسابی ٣٢ ساڵی رابردووشیان لەگەڵدا دەکرێ. دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێ باش بزانن رۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا لەهەرێم رۆژێکی ڕەشی بەدواوەیە ، دوور نیە رۆیتشنی کونسڵگەرییەکانیشی بە دواوە بێت ،. با واش نەزانن کەوا حکومەتی عیراق و هێزە سیاسییە سوننەکان دەتوانن رێگری لە گرووپە شیعەکان بگرن لەهەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندن یا هیچ نەبێ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم تا ئەو ئاستەی بیگەڕێننەوە سەردەمی حوکمی زاتی کارتۆنییەکەی سەردەمی صەدام .
لەکۆتاییدا دەڵیم ئاماژەکان بە ئاشکرا پێمان دەڵێن کەوا رۆژانێکی زۆر ڕەش چاوەڕێی هەرێم دەکات و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەڕەو نەمان هەنگاو دەنێ، بەداخەوە لەم کاتەشدا کە دەسەڵاتی کوردی لەسەر لێواری قەبردایە ، بەڵام تا ئەم ساتەش بیر لە چارەسەرییەکی بچووکیش بۆ قەیرانی گوەزەرانی خەڵک ناکاتەوە و هەر نەبێ هەوڵێک بدات بۆ سووککردنی باری قوڕسی سەرشانی هاوڵاتیان تەنانەت لە وەختی زایەعیشدا .