بەدرێژایی سەدان ساڵ میللەتی کورد لەپێناو ئازادی وسەربەخۆیی لە خەبات و تێکۆشاندا بووە . هەموو شۆڕشەکانی کورد لەمێژوودا بە گەلەکۆمەکی داگییرکەرانی کوردستان لەناوبراون . سەدان هەزار قوربانی لەم پێناوەدا دراون ، خاکمان سووتاوە و شارەکانمان وێران بووە و میللەتەکەمان جینۆساید کراوە . تاکە فرسەتێک بۆ ئازادی هاتبێتە پێشەوە راپەڕێنە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بوو کە بە راماڵینی داگییرکەری بەعسی کۆتاییهات و حکومەت وپەرلەمانی کورد دامەزران .
سەرکردایەتی کورد کە خۆیان لەناو ئەم مەینەتی ونەهامەتییەی میللەتەکەیان ژیاون فرسەتێکی گەورەیان هاتەپێش کە لە مێژوودا وێنەی نەبوو . کوردستانێکی بێ داگییرکەر ، خاکێکی ئازادکراو ، میللەتێکی قوربانیدەر بۆ سەرکردایەتییەکەی ، میللەتێک تەنانەت بە بێ مووچەو بژێوی رۆژانەش ئامادەبوو لەپێناو پاراستی قەوارە نوێکەی هەموو جۆرە قوربانیەک بدات .
بەڵام .. بەداخەوە سەرکردایەتی کورد لەسەر ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە نەبوو بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتە مەزنە . سەرەڕای ئەم هەموو پشتگییریە نێودەوڵەتییەی بۆ هەرێمەکە و ئامادەیی زلهێزەکانی دونیا بۆ داکۆکی لەم دەسکەوتە ، هەر زوو سەرکردەکانی کورد کەوتنە ململانێی دەىسەڵات و بە تاڵانبردنی سامانی وڵاتەکەیان . تا گەیشتە شەڕی براکوژی و وێرانکردنی کوردستان بە دەستی خۆیان .
زۆری پێنەچوو دوای ئاشتبوونەوەشیان کەوتنە سەر دزینی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی کوردستان . بینیمان چۆن ملیارانی گومرگەکانیان خستە ناو خەزێنەی حزبەکانیان ، سامانی نەوتیان بۆ خۆیان برد ، لەهەمووشی ئازاربەخشتر لەناوبردنی پایەکانی ئابووری دەوڵەت و تاڵان کردنیان و بەخشینیان بە کۆمپانیا حزبیەکانی خۆیان بوو .
لەهەولێر کارگەی جگەرەو کارگەی مەڕمەڕ و دەواجن و نەسیج و مافوور ، لە سلێمانی کارگەی شەکرو ئەلبیسە و جگەرە ، لە دهۆک مەعمەلی تەعلیب . ئەمانە لەهەموو ناوچەی خۆرهەڵات باشترین وسەرکەوتووترین کارگەی بەرهەمهێنان بوون . هەموویان تەختکران و فرۆشرانە کۆمپانیاکانی خۆیان !.
پرسیارە گەورەکە لێرەدایە ، ئەگەر وایان نەکردایە چی ئەبوو ؟.
لەجیاتی ئەم هەموو ملیار دۆلارەی ساڵانە دەچێتە دەرەوە بۆ هاوردەکردنی جگەرە ، هەر لەکارگەی هەولێرو سلێمانی باشترین جۆری جگەرەی ( سۆمەر ) بەرهەمدەهات کە وڵاتانی دونیا لێرەوە هاوردەیان دەکرد . لەجیاتی وڵاتان بچن مەڕمەڕی ئیتاڵیاو تورکیا بکڕن ، دەهاتن بەرهەمی مەعمەل رووخامی هەولێریان دەکڕی . لەجیاتی قوماش لە ئینگلتەڕا و نەماسا هاوردە بکرێ ، قوماشی مەعمەل نەسیجی هەولێر ناوبانگی لەدونیادا هەبوو . لەجیاتی مەعجونی تەماتە و موڕەبا لە ئێران و تورکیا هاوردە بکرێ ، مەعمەلی تەعلیبی دهۆک بەشی ناوخۆ وهەناردەشی دەکرد . بەمەش ئابووری کوردستان گەشەی دەکردو هیچ پێویستیەکمان بە سواڵکردن لەبەغدا نەدەبوو کەرتەکانی پییشەسازی وکشتوکاڵیش بەشێوەیەک گەشەی دەکرد کە دونیا حەسوودیمان پێوە ببات .
دیارە هەر لەسەرەتاوە ئەم سەرکردایەتیەی کورد روئیایەکی بنیاتەکەرانە و دەوڵەتدارییان نەبووە ، هەموو هەوڵیان بۆ تاڵانی سامانی میللەت بووە وچش لە میللەت وئابووری وڵاتەکەیان . ئەوەتا تەنانەت خاک وزەوی کوردستانیش دەفرۆشنە عەرەبەکان و کوردستانیان پڕکردووە لەکرێکاری عارەب وسوری وبەنگەلادیشی ، لەو لاشەوە دەیان هەزار دەرچووی زانکۆ لەبێکاریدان .
بەرهەمی ئەم ماڵوێرانیەش ئێستا بە چاوی خۆمان دەبینین کار گەیشتۆتە ئەوەی میللەت بە گشتی چاوەڕێی ئیمزایەک بێت بۆ ئەوەی معاشەکانیان سەرفبکرێ و منداڵەکانیان لەبرسا نەمرن ، کۆمپانیاکانی دەسەڵات وخاوەنەکانیشیان لەسەر قەڵایەکی بەرزەوە سەیری موعاناتی خەڵکەکە دەکەن .
بەدرێژایی مێژووی کورد کێشەی هەمیشەیی سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی بووە . ئەگینا خۆی میللەتێکی تێکۆشەرو خەباتگێڕو وقوربانیدەر بووە . بەڵام قوربانییەکانیشی خراوەتە ژێر پێی چەند سەرکردەیەک کە هەموو شتێکیان هەبێ ، تەنها ئینتمایان بۆ گەل وخاکەکەی خۆیان نیە . باقی وەلسەلام .