هەرێمی ( بابان ) وەک چارەسەرێکی قەیرانی سیاسی

شێرزاد شێخانی‌
  2026-11-05   

قەیرانی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان رەگوڕییشەی دەگەڕێتەوە بۆ شەست ساڵ زیاتری پێش ئێستا . ئەو بۆمبە سیاسییە گەورەیە بە کاراکردنەوەی یەکلایەنەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتییەوە درێژەپێدەری ئەم قەیرانە موزمینەیە کە لەو کاتەوە تاکو ئەمڕۆش بە جورەها شێوە هەرێمی کوردستانی لەتکردووەو دوو زۆنی و دوو ئیدارەیی کردۆتە ئەمری واقیع و هیچ یەک لە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەیانتوانیوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە .

هەر چەندە لە قۆناغەکانی رابردوودا قەیرانەکە دوو جار گەیشتۆتە ئاستی شەڕی ناوخۆ لە شاخ و لەشار ، بەڵام تا حەددێک هەردوو حزبەکە بە فشاری دەرەکی توانیویانە ململانێ خوێناویەکانیان لە هەندێ قۆناغدا سڕبکەنەوە بە رێکەوتنی سیاسی وستراتیژی بەڵام هەردوو لایەنیش نەیانتوانیوە متمانەی نێوانیان تاکو ئەمڕۆش چارەسەر بکەن . بۆیە ئەوەی روویداوە تەقیینەوەیەکی چاوەڕوانکراوی قەیرانە سیاسییەکە بوو .

راستییەک هەیە زۆربەی خەڵکی کوردستان ناتوانن نکوڵی لێبکەن ، ئەویش ئەوەیە بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو هەمیشە رەوانشاد مام جەلال رۆڵی گەورەی هەبووە لەهێورکردنەوەی قەیرانەکە لە زۆربەی قۆناغەکانی ململانێدا ، چ لە پرۆسەی ئاشتەوایی گشتی سەردەمی شاخ کە بەرەی کوردستانی لێکەوتەوە ، چ لە سەردەمی دوای راپەرێن بە ئیمزاکردنی رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا . نابێ ئەو سازشانەی مام جەلال نادیدە بگیرێ کە بۆ پارتی دەیکرد کە زۆرجار رەخنەی تووندی سەرکردایەتی خودی حزبەکەشی لێدەکەوتەوە ، بەڵام ئەو وەکو سیاسییەکی کارامە و خاوەن کاریزما و پڕ ئەزموون باش تێگەیشتبوو کە ئاوت کردنی پارتی کارێکی مەحاڵە و بەرژەوەندی کورد لەرێکەوتندایە لەگەڵیدا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد .

دوای وەفاتی مام جەلال وەک سەرکردەی دێرینی سیاسی کورد و شۆڕش و ، بە تەمەنداچوونی بەڕێز کاک مەسعود ، نەوەی دووەمی هەردوو سەرکردایەتی حزبەکە هاتنە مەیدانی کاری حیزبی . لە واقیعدا لە سەرکردە دێرینەکانی شۆڕشی کورد بە واتای ( المحاربین القدماء ) تاکە سەرکردەیەکی خاوەن کاریزما تەنها کاک مەسعودە ، بەڵام کاک مەسعود بەدرێژایی ساڵانی کوچی دوایی مام جەلال نەیتوانی بە داخەوە وەکو کابتنێک کەشتی کوردستان بەڕەو کەناری ئارامی ببات لەبەر چەندین هۆکاری ناوخۆی حزبەکەی و بنەماڵەکەی ، لە هەمووشی گرنگتر ئەو وەکو سەرکردەی حزبەکەی نەیتوانی سەرۆکایەتی کاک بافڵ وەکو رکابەر و هاوگوفی خۆی قبوول بکات ، هەرچەندە تاکو ئێستاش یەکێتی نیشتمانی خاوەن پێگەی سیاسی خۆی و ڕۆڵی گەورەی لەکوردستان و ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتی هەیە و وەک شەریکی پارتیش لەئیدارەی هەرێمدا بوونی هەبووەو دەشمینێ .

دوای دوو ساڵ لە پەکخستنی کاری پەرلەمان و ئیفلیجبوونی حکومەتی هەرێم ، هەموو چاوەکان و ئومێدی خەڵکیش لەسەر ئەوەبوو کەوا پەرلەمان کارا بکرێتەوەو کابینەی نوێ دابمەزرێ وکۆتایی بەو ململانییەی حوکمداری لە هەرێمدا بهێنرێ بەڵام بە مەرجی سازان و رێکەوتنی هەموو لایەنەکانی براوەی هەڵبژاردن وەک هەر پرۆسەیەکی دیموکراتی لە دونیادا . بەڵام ئەوەی روویدا بڕیارێکی تاکلایەنە بوو کە قەیرانی سیاسی قووڵتر کردەوەو متمانەی نێوان حزبەکانی دەسەڵاتی بە یەکجاری لەناوبرد .

ئێستا هەموو کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان خەمی داهاتووی خۆیانن و پەرۆشی چارەسەرییەکن بۆ ئەو تەقیینەوە گەورەیە و زۆریش نیگەرانن لە بەدیلی ئەم وەزعە ئاڵۆزە . لێرەوە بە راشکاوانە دەتوانم بڵێم مادام هەرێم لەڕووی ئیداری وسیاسییەوە هەر دابەشکراوەو دوو زۆنی بووەتە ئەمری واقیع ، با لەرووی یاسایی و دەستووریشەوە ئەم واقیعە دانی پێدابنرێ و کوردستانی باشوور ببێتە دوو هەرێمی تەواو جیاواز لەیەکتری لەم قۆناغەدا .

جیاکردنەوەی هەردوو زوۆنەکە تاوانێکی نەتەوەیی گەورە نیە ، دەیان نموونەمان هەیە لەوڵاتانی دونیادا کە سەرکەوتوو بوونە لەچارەسەری قەیرانە سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانیان لەم رێگا دەستوورییانەوە . دەیان وڵات هەن هەرێمی جیاوازیان هەیە چ لەسەر شێوەی فیدراڵی بێت یان کۆنفدراڵی .ئەوەی ئێمە داوای دەکەین بیدعەیەک نیە ، بەڵکو چارەسەرێکی زۆر راستوڕەوانە بۆ کیشەی ناتەبایی سیاسی وکۆمەڵایەتی لەکوردستاندا . هەر بۆ بیرهێنانەوەش ساڵانێک هەردوو یەمەنی جنوبی وشیمالی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بوون ، دواتر یەکیان گرتەوە . لەسودان خوارووەکەی چەند ساڵیک پێش ئێستا جیابوونەوەو بوون بەدەوڵەت ، دوور نیە بە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان ئەم دوود دەوڵەتەش لە ئاییندەدا جارێکیتر یەکبگرنەوە . باسی ئەو هەرێمانەش ناکەم لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەن و زۆر بە رێکوپێکی کارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن . ئینجا لەرووی دەستوورییەوە تا چەند دەتوانین ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین ؟. سەیری دەستووری عیراق بکەین لە مادەی (١١٩) دا دەڵێ " يحق لكل محافظة أو اكثر تكوين اقليم بناء على طلب بالاستفتاء عليه، يقدم بإحدى طريقتين :أولاً: طلب من ثلث الاعضاء في كل مجلس من مجالس المحافظات التي تروم تكوين الاقليم .ثانياً: طلب من عُشر الناخبين في كل محافظة من المحافظات التي تروم تكوين الاقليم ". واتا هەر پارێزگایەک لە عیراق مافی ئەوەی هەیە ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ ئەگەر سێ یەکی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکەی داوای بکەن یان لە سەدا دەی دەنگدەرانی . ئەمەش کارێکی ئەستەم نیە . چونکە یەکێتی نیشتمانی دەتوانێ لە سلێمانی ئەنجومەنی پاڕێزگاکان کارا بکاتەوەو لەرێگەی ئەوانەوە داوای هەرێمی سلێمانی بکات . یان ڕاپرسییەک رێکبخات بۆ بەدەستهێنانی ئەو رێژەیەی داواکراوە .

دیسان دەستووری عیراق لە مادەی (١٢٠) یشدا دەڵێ "  يقوم الاقليم بوضع دستور له، يحدد هيكل سلطات الاقليم، وصلاحياته، وآليات ممارسة تلك الصلاحيات، على ان لا يتعارض مع هذا الدستور " . واتا هەرێم بۆی هەیە دەستووری تایبەتی خۆی هەبێ و دەسەڵاتی یاسادانانو جێبەجێکردن وقەزایی خۆی بەڕێوە ببات .. لە بڕگەی ( ٣ ) مادەی ( ١٢١ ) یشدا هاتووە کەوا حکومەتی ئیتحادی بودجەی تایبەتی بۆ هەرێمەکەی سلێمانی دابیندەکات .

بەمشێوەیە بە پێی دەستووری عیراق هەرێمی سلێمانی دەبێتە خاوەن سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و خاوەن دەستووری تایبەتی خۆی و بەشی لە بودجەی گشتی عیراقیشدا دەبێ .جگە لە نوێنەرایەتی لەوڵاتانی دەرەوە هێزی تایبەتی پۆلیس وئاساییش وپاسەوانی هەرێمەکەی .

ئەوەی لێرەدا پێشنیارمان کردووە چارەسەرێکی واقیعیانەی قەیرانی حوکمدارییە لەهەرێمی کوردستان و، هیچ بەدیلێکی ترمان نیە ، چونکە بەدرێژایی شەست ساڵی رابردووا هەردوو حزبە سەرەکییەکە نەیانتوانیوە متمانە بگەڕیننەوە ناوخۆیان و وەزعی دەولی وئیقلیمی وناوخۆش لەوە زیاتر هەڵناگرێ .

لە مێژوودا دەیان دەوڵەت وئەمارەتی کوردی لەسەر ململانێ ناوخۆییەکانیان دابەشبوون وجیابوونەوە ، با ئەوەی ئێمەشی بێتە سەر و هەرێمی ( بابان) یش بێتە دروستبوون .شێخ رەزای نەمر فەرموویەتی :

. لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو

نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو..

باقی وەلسەلام ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سارا موحسین: هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم بۆ ڕێگری لە بەشداریکردنم لە دانیشتنی پەرلەمان
لەسەر بانگهێشتی پارتی و بە دەنگی 52 پەرلەمانتار، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا
ئارێز عه‌بدوڵا: بافڵ تاڵه‌بانی بیه‌وێت ته‌قله‌ به‌ فیل لێده‌دات
حەمە سوور دوشیوانی: کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت
وتەبێژی ئیدارەی بوش بۆ ڤانس: ئەوە خەتای شەڕی ئێران نییە، خەتای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان پێنەهێنا
گەڕانەوەی مەسیحییە پێشکەوتنخوازەکان بۆ ناو کایەی سیاسی؛ ستراتیژییە نوێیەکەی دیموکراتەکان لە بەرامبەر هەژموونی ترەمپدا
سوپای پاسداران تێکشکانی ٤ کەشتیی نەوتهەڵگر ڕادەگەیەنێت و ترەمپ هێرشی خێرا بۆ سەر ئێران ڕەتدەکاتەوە
مه‌سرور بارزانی: داوا له‌ گشت لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م بێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستورییه‌كانمان بپارێزین
لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا دیموکراتەکان پێگەی مێژوویی کۆمارییەکانیان هەژاند و کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیرانیان گرتە دەست
به‌های دراوه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×