پرسی کەرکوک و ١٠ ملیۆن

مەلا فەرمان
  2023-05-18   

راگواستنی کورد لە کەرکوک لە ١٩٦٣ بۆ ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی نەخشە داڕێژرا و، هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێکراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیەکان و لە ١٩٨٨ ئەم پرۆسەیە هاوشان لەگەڵ پرۆسەی کوردقڕان گەیشتە لوتکە.

لە ماوەی ئەو ٤٠ چل ساڵەدا کورد لە پارێزگای کەرکوک زیانی گیانی، دەرونی و ماڵی زۆری لێکەوتوە: راگواستن و چەندین جار دوبارەبونەوەی سوتاندنی گوندەکان، خەلە و خەرمان، فەرهود و بەتاڵانبردنی دانەوێڵە و مەڕوماڵات .

لە ٢٠٠٣ بەر لە باسکردنی قەرەبوکردنەوە کوردان بە گشتی گەڕانەوە بۆ کەرکوک، هەریەک بە جۆرێک هەوڵی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێی دەدا، موخابن لە ئەنجامی روخاندنی گوندەکان و تەختکردنی خانوەکان لەسەردەمی بەعس هاوڵاتیانی کورد رویان کردە ناو شارەکان، باریان لە کۆنە کەلاوە و سەربازگەکان، قوتابخانەکان و زۆرێک لە دائیرەکانی دەوڵەت خست.

هەموو ئاوارە و بە زۆر راگوازراوێک هێند تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ سەر زێدی باو باپێران بەو رادەیەی هەمیشە خەوی پێوە دەبینێ. خۆ لەگەڵ گەڕانەوەش ئەگەر قەرەبوبکرێنەوە  کارێکی باشەو پرۆسەی گەڕانەوە خێراتر دەبێت.

بەڵآم ئەوەی کە بینرا دوای چەند ساڵێک بە هۆی هەڵەی دەسەڵآتی حیزبی کوردیەوە کۆچ پێچەوانە بوەوە ، ئەوەی جێی باسکردنە قەرەبوکردنەوەی ١٠ دە ملیۆن دینار و یارمەتی  ٥٠٠٠ پێنج هەزار دۆلاری حیزبیش نەیتوانی بەر بەو کۆچە پێچەوانەیە بگرێت. قەرەبوەکەی وەردەگرت ، لە بری ئەوەی بگەڕێتەوە سەر زێدی باب و باپیر دەگەڕایەوە سنوری هەولێر و سلێمانی، بۆیە گومان دەکرا خەڵکی دەرەوەی کەرکوک هەبێ ١٠ دە ملیۆنەکەی وەرگرتبێت. یان تۆ بڵێی خەڵک ئەو زێدەی خۆش نەوێ؟

ئەم کۆچە پێچەوانەیە دوای روداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەردەوام رو لە زیابون چوە، ئێستاش تاک و تەرا دەبینرێ.

هۆکارە سەرەکیەکانی نەگەڕەناوە بۆ کەرکوک بریتین لە:

١- هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکانی قیادەی سەورە و لیژنەی کاروباری باکور. جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠.

٢-نەگەڕانەوەی زەویە داگیرکراوەکانی کورد بەر لە ٢٠٠٣.

٣-نەبونی متمانە بە هێزی حیزبی کوردی و نەبونی یەک رایی و یەک دەنگیان.

٤- ئاوەدان نەکردنەوەی نزیکەی ٨٠٠ گوندی روخاوی کورد.

٥-نەبونی پشتیوانی کشتوکاڵی بۆ جوتیارانی کورد لە لایەن وەزارەتی کستوکاڵەوە.

٦-زۆربەی زەوی پێکهاتەی کورد لەسەر وەزارەتی دارایی یان بەرگری تۆمار کراوە. ئەم زەویانە هەر کەس دەتوانی لە رێگەی وەبەرهێنانەوە بیکڕێ یان بە کاری بهێنێ. بەڵام لە ترسی کێشەی عەشایەری وەبەرهێنەکان دەستیان بۆ نابەن.

٧- گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ کەرکوک. بە نمونە لە نێوان کەرکوک - دوبز چەند گوندێکی عەرەب دروسکراون : وەک ئالبودێر و العزە .....هتد. بەشی لە گوندە کوردنشینەکان گوندەکانیان چۆڵکردوە.

٨- دادۆشین و روح سەندنی کەرکوک بە پێدانی ئیمتیازات بە کادرە حیزبیەکان و بە شێ لە نوسەرانی کوردی کەرکوک لە سلێمانی و هەولێر.

٩- گواستنەوەی دەیان مامۆستای کورد لە کەرکوکەوە بۆ هەرێم.

هەر خانەوادەیەکی عەرەبی هاوردەش بە ٢٠ ملیۆن دینار قەرەبو کراونەتەوە، لە شوێنی پێشوی خۆشیان پارچەیەک زەویان وەرگرتوە، بەڵآم  لە دوای ٢٠١٧ بەشی زۆریان گەڕاونەتەوە کەرکوک و ئێستاش بەردەوامە. بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی هێزی چەکداری عێراقی ئەم گەڕاوانە کێشە بۆ جوتیارانی کورد دروست دەکەن. بارودۆخە زۆر خراپە گەر چارەسەر نەکرێت پێکهاتەی کورد زیانی زۆر زیاتر دەکات.

  چارەسەری پرسی کەرکوکیش، بە قەرەبوی ١٠ ملیۆن ناکرێت، بەڵکە بە گەڕانەوەی کەرکوکیەکان و روحەکەی بۆ کەرکوک، ئاوەدانکردنەوە، پرۆژەی ئابوری و دابینکردنی ژیان و پێداچونەوەیە بە ٢٠  بیست ساڵی رابردو دەکرێت. چارەسەریش لای خەڵکی کەرکوک خۆیەتی، دوای ریکخستنەوەی ماڵەکەیان و خاوەندارێتیکردنی خۆیان، دەرەوەش دەتوانێت رۆڵی هاوکار ببینێت.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×