"لە پەراوێزی خواردنی دو موچەی دیکەی فەرمانبەران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دا"
لە کولتوری ئیسلامیدا سەرگوزشتەیێک هەیە، دەڵێن گوایە ڕۆژێک پێغەمبەر سولەیمان (درودی خوای لەسەربێت)، لەگەڵ مێرولەیێکدا دەکەوێتە ئاخاوتن و لێی دەپرسێت: ئایا بۆ بژێوی ساڵێکی خۆت، پێویستت بە داکردنی چەند دەنکە گەنمە، بۆئەوەی ساڵ تێوە سوڕێنیتەوە و لە برساندا نەمریت؟ مێرولەکەش دەڵێت: بە یەک دەنکە گەنم دەتوانم ساڵێک بژیم.
پێغەمبەر سولەیمانیش دێت مێرولەکە لەگەڵ دەنکێک گەنمدا دەخاتە نێو کەموڵەیێکەوە و دەمەوانەکەی دەنێتەوە و بۆ ماوەی ساڵێکی رەبەق جێیدەهێڵێت. بەڵام دوای ساڵێک کە دەگەڕێتەوە، دەبینێت مێرولەکە زیندووە و لە دەنکە گەنمەکە تەنیا نیوەی خوراوە و نیوەشی ماوە.
پێغەمبەر سولەیمان لە مێرولەکە دەپرسێت: تۆ وتت بۆ هەر ساڵێک دەنکێک گەنمت پێویستە، ئەدی بۆچی تەنیا نیو دەنکە گەنمت خواردووە؟! مێرولەکەش لەوەڵامدا دەڵێت: "ترسام لەوەی نەبادا منت بیربچێتەوە! بۆیە نیوەیم هێشتەوە، تا لە ئەگەری لەبیرچونەوەمتدا لە برساندا نەمرم!"
ئێستا با سەرپێییانە و لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەربوردەدا، بەراوردی ئاوەزی خۆبژێویی لە نێوان مێرولەکەی سولەیمان و حکومەتی هەرێمدا بکەین، بۆئەوەی تێبگەین کە ئەم حکومەتە لە بەرخوردکردنی لەگەڵ نەیارەکانیدا چەند لە مێرولەکەی ناو کەموڵەکەی سولەیمان کاڵئاوەزتر و، لە هەمبەر چۆنیێتیی چارەسەرکردنی کێشەکانیشدا چەند لەو بێدەسەڵاتتر و دەستەوستانتر و، لە ئاستی خەمی خەڵکیشدا چەند بێدەربەستترە، تا لەو نەهێنییە تێبگەین بۆچی ئەم حکومەتە بووەتە مشەخۆری سەر قوتی خەڵک و، چاوی ئێرەیی بڕیوەتە موچەی فەرمانبەرەکانی خۆی و هەرگیز نەیتوانیوە، بگرە خوداربووە بەوەی کە لێنەگەڕێت هیچ ساڵێک تێبپەڕێت گەر بەشێک لە موچە و شایستەی فەرمانبەرەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە بیانوی کرچ و کاڵ و لاواز نەخوات:
بەر لە هەرشتێک، مێرولەکەی سولەیمان دەیزانی ئەو کەسەی دەفرەکەی بەسەریدا کردووە، پێغەمبەرێکە کە هەرگیز نیازی کوشتنی ئەوی نییە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەترسا و هێشتا متمانەی نەبوو کە ئەو مرۆڤە باشە ئەوی بیرنەچێتەوە، هەر بۆیە ئەوەندە ئاگایی هەبوو کە بڕیاربدات لە دەنکە گەنمێک نیوەی بۆ تەنگانە بهێڵێتەوە. کەچی حکومەتی هەرێم ئەوانەی چواردەوریان تەنیوە و سواری کۆڵی بوون و بە دەیان ساڵە لەژێر چنگیاندا گیری خواردووە و ناتوانێت لێیان قوتاربێت، نەک هەر دۆست و پیاوچاک نین، بگرە کۆمەڵێک دوژمن و کەسانی دڵڕەقن، بەڵام کاکی حکومەت لەهەمبەر ئەو داو و تەڵەکە و تەڵزگە و تەنگەژانەی بۆی دەهێنرێنە پێش، هەر مێش میوانی نییە و بەپێچەوانەی مێرولەوە لەژێر کەپر و سەکۆی ساباتدا لەسەر گازی پشت لێی ڕاکشاوە و بەردەوام خەریکی ڕابواردن و کات بەسەربردن و تاڵانکردن و پەخشان و تەخشان و بە فیڕودانی داهات و سامانی ئەو ساباتەیە، کە بڕیارە گەر ئەم دوژمنانە لە کۆڵمان نەبنەوە بتوانین هەموان پێکەوە چەند ساڵێکی تر پێی بژین.
مێرولەیێک کە قەبارەی مێشکی لە زەنگیانەیێک یاخود دەنکە هەرزنێک گەورەتر نەبوو، جگە لەوەش هەر خۆی بە تەنیا لەژێر دەفرەکە نرابوو، نە وەزیری هەبوو نە گزیر و نە ڕاوێژکار، بەبێ کۆبوونەوە و، بێ دەرکەوتن و خۆبادانی سەرشاشە و بەر مایکەکان و، بێ ئەوەی بەرانبەرەکەی لە بڕیار و بیرکردنەوەکانی خۆی ئاگاداربکاتەوە، بەبێدەنگی پلانی خۆی داڕشت و بڕیاری خۆی دا و، لە بژێوی ساڵێکی خۆی توانی قوتی ساڵێکی دیکەش گلبداتەوە.
کەچی حکومەتی هەرێم کە خاوەنی لێشاوێک لە وەزیر و گزیر و ڕاوێژکاری شیکپۆش و بۆینباخ لەملی بۆنخۆشە و، بە دامەزراندنی دونیایێک خەڵکی بەناو پسپۆڕ و شارەزا و ڕشتەگەر لە ئەنواع و ئەشکاڵ بواری جۆراوجۆر و، بە سازدانی هەزاران مێزگرد و میتین و پانێڵ و کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوە و بڵاوبوونەوە و، ئەنجامدانی چەندین تڕوتەشخەڵەی تر، ئینجا لە کۆتاییشدا قەت نەمانبینی توانیبێتی قڕوشێک یاخود فلسێکی قوڕاوی بۆ تەنگانە لە خەزێنەکەیدا هەڵگرتبێت، بگرە هەر چاوی لەوە بووە ئاخۆ کەی دوژمنەکانی لە دەرەوەڕا دەنکە گەنمی بۆ هەڵدەدەنە ژورێ بۆئەوەی ئەمیش لە ژورێ هەڵیانلوشێ و لەو بەرماوەیەش کە لێی دەمێنێتەوە و بۆی قوتناچێت، جارجار شتێک بە منەتەوە بۆ بەردەمی خەڵک فڕێدا و دواتریش لە بەردەم مایکەکاندا وەکو دەستکەوت هەژماری بکات و خۆی پێوەبادا، هەڵبەت لەوەش سەیرتر و تەنزئامێزتر ئەوەیە، کە لەبەرانبەر ئەم بەخشین و دڵفراوانییەدا چاوەڕوانیی لە خەڵک ئەوەبووە کە سوپاسگوزاری بن.
مێرولەیێک دەیزانی ماوەی مانەوەی لە نێو دەفرەکەدا تەنیا ساڵێکە و، دەشیزانی بەرانبەرەکەی درۆی لەگەڵدا ناکات و پێشتریش هیچ پێشنەیێکی لە کەمتەرخەمی و لەبیرچوونەوەی لە سولەیمان نەبینیبوو و نەبیستبوو، تا وای لێ بکات متمانە بە قسەی سولەیمان نەکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا لە مشورخواردنی داهاتووی خۆی بێخەم نەبوو. کەچی حکومەتی هەرێم نەک ساڵێکە بگرە لەوەتەی هەیە بەرانبەرەکانی تەپکەی بۆ دەنێنەوە و هەمیشە لەگەڵیاندا لە کێشەدایە و، نە ئەوان لەگەڵ ئەم ڕاست دەکەن و نە ئەمیش ڕاستی بەوان دەڵێت، خۆ ئەگەر هەردولایان پێشینەیێکیان دەربارەی یەکتر هەبووبێت، ئەوا بریتیبووە لە یەکتر فریودان و قۆڵبادان، کەچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا حکومەت بەپێچەوانەی مێرولەوە؛ نەک هەر خەم بۆ هێشتنەوەی قوتی ژێر دەفر و نێوخۆی هەرێمەکەی خۆی ناخوات، بگرە هەرچی دەنکە گەنم و پارەوپول و نەوت و غازی ژورێ و بن تەپکەی هەرێم هەیە هەمووی بردووەتە دەرێ و تاڵانفرۆشی کردووە و، لەوەش خراپتر چاوی بڕیوەتە قوت و موچەی خەڵک و ناوەناوە بەشێکیان لێ دەستێنێت.
هەرچی مێرولەکەی سولەیمانە، نەک لە دوژمنەکانی بگرە لە دۆستەکەشی کە سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەرێک بوو بەڵام ترسی لێی هەبوو، بەڵام حکومەتی هەرێم لە هەمبەر دوژمن و ناحەزەکانی و ئەوانەی چەقۆی لێ دەسون نەک هەر ترسی نییە و نەبووە و قەت دڕدۆنگ نەبووە لە جوڵە گوماناوییەکانیان، بگرە هێندە تێکەڵە لە گەڵیاندا و ئەوەندە نێوانیان خۆشە کە هەر لەوانەیە حەڵاڵیان لەیەکتر جیابێت و، بەجۆرێک یەکماڵە لەگەڵیاندا و بەڕادەیێک تاسوخی بینینیانە کە ئۆقرەی لێبڕاوە، بۆیە بەردەوام ئەم دیدەنییان دەکات و ئەوان دیدەنیی دەکەن و ئەم شانیان ماچدەکات و ئەوان چاوی ماچ دەکەن و، دوریش نییە کە لە داهاتودا و لە نێوانیاندا ژن و ژنخوازیی و کاری خێریشی تێبکەوێت. خۆ ئەگەر تەنیا هەڵوەستەیێکی لە دژیان کردبێت، ئەوە بووە کە بەردەوام بەکوردی جنێوی پێداون، بەڵام بۆ قەرەبووی ئەوەش بە فارسی و عەرەبی و تورکی هەرگیز لە پەسن و ستایشیاندا درێغیی نەکردووە.
پێدەچێت مێرولەکە چونکە بۆ یەکەمجاری بوو بکەوێتە بەردەم ئەنجامدانی سەرکێشییێکی لەو جۆرە و، لەبەرئەوەی هیچ پێشینەیێک و ئەزمونێکی تاڵیشی لەگەڵ سولەیماندا نەبوو، هەر بۆیە بڕیاری پاشەکەوتکردنی پتر لە نیو دەنکە گەنمی نەدا، خۆ ئەگەر وا ڕویبدایە کە سولەیمان لە ساڵی یەکەمدا مێرولەکەی لەبیرنەمابایە و لە وادەی خۆیدا نەگەڕابایەوە و چەند مانگێک دوا بکەوتایە، ئینجا بۆ جارێکی دیکە و بۆ ساڵێکی تر مێرولەکەی خستبایەوە نێو کەموڵەکەوە، ئەوا بەدڵنییاییەوە مێرولەکە زۆر لە نیوەی دەنکە گەنمەکەی زیاتر پاشەکەوت دەکرد.
بەڵام حکومەتی هەرێم نەک ساڵی یەکەم و ئەزمونی یەکەمی نییە و نەک یەکەم سەرکێشیی نییە، بگرە بۆ زیاتر لە دە ساڵە بە ناوی ڕاگەیاندنی ئابوریی سەربەخۆوە بە دەستی خۆی، خۆی لەژێر تەپکە ناوە و بۆ دوژمنەکانی چووەتە نێو کەموڵەوە، کەچی بەرانبەرەکانی نەک هەر ئامادەنین پاش دەیان ساڵ لەژێر تەپکە و فشارەکان دەریبهێنن بگرە ساڵ لەدوای ساڵ و مانگ لەدوای مانگ مەرجی پێدانی دەنکە گەنم و بودجە و موچەی لەسەر زیاد دەکەن، لەولاشەوە پیرە حکومەت هەروەک ئەوەی نە بای دیبێت و نە بۆران، بەپێچەوانەی ڕەفتاری مێرولەوە لەبری ئەوەی جار لەدوای جار لە هەوڵی کەمکردنەوەی هەڵەکانی خۆیدا بێت و بەفیڕودان و دەستبڵاوی نەهێڵێت، کەچی ئەوەی کەمی دەکاتەوە ناڕوونی بڕی داهاتەکانی ژێر تەپکەکەیە و، ئەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش زیادی دەکات ڕێگە و شێوازەکانی کەڵەکەکردن و هەڵچنینی پارە و سامانی بەرپرس و نەوەکانیان و بێبەشکردنی خەڵکە لێی.
لەوەش خراپتر هەڵپەکردنی بەردەوامیەتی بۆ شاردنەوەی داهاتی گشتی و زیادکردنی باج و سەرانە و، ئازاردانی پتری ئەو هاوڵاتیانەی کە بەهۆی بڕیارە هەڵەکانی ئەوەوە خراونەتە نێو کەموڵەوە و، دەفری بێموچەیی و بێکاری و نەبوونی سوتەمەنی و پێنەدانی خزمەتگوزارییان کراوە بەسەردا.
جا دەسەڵاتێک هێندە بێفەڕبێت کە لێنەگەڕێت هاوڵاتییەکانی بە هێندەی دەنکە گەنمێک لە داهاتی زێدی خۆیان و لە هی ژێر ئەو تەپکەیەی کە کراوە بەسەریاندا سودمەندبن، ئایا جێگەی سەرسوڕمانە گەر بێت و چاوببڕێتە موچەکانیشیان و بیەوێت بە دەردی خێروبێری ژێر تەپکەکەیان بەرێت!؟
گەر حکومەتێک هێندە لاوازبێت دوای دەیان ساڵ، نەیتوانیبێت بە قەت پاشەکەوتی ساڵێکی مێرولەیێکی هەڵگرتبێت، دەبێت چەند مایەی گاڵتەجاڕی بێت کە هاوڵاتییەکانی چاوەڕوانیی ئەوەیان لێی هەبێت ئەو دۆخە دژوارە ئابورییە سەختەی کە هەر خۆی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمەکەی ژێردەستی خۆی دروستیکردووە، چارەسەربکات و موچە بە ڕێکوپێکی بدات و بتوانێت لەژێر ئەو تەپکەیە دەریان بهێنێت؛ کە بەهۆی بڕیارە چەوتەکانی کەسە کاڵفامەکانی ئەوەوە کراوە بەسەریاندا!؟