کۆچی دوایی ڕوحوڵڵای خومەینی لە ساڵی 1989 وایکرد زۆر کەس بگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە سیستمەکە(دەسەڵات) دەڕوخێت. بەڵام ئەوەی ڕوویدا “ڕووخان” نەبوو بەڵکو ئەندازیاری دەسەڵات بوو. گواستنەوەی سەرکردایەتی دەرئەنجامی هاوپەیمانییەکی نوخبە بوو بۆ پاراستنی پێکهاتەکە واتا سیستمەکە نەک پرۆسەیەکی یاسایی ئازاد و شەفاف.
هەر لە دوای خومەینی دوو لەو كەسایەتیانەی كە كۆڵەكەی دامەرزاندنی ڕژێمی وەلایەتی فەقێ، واتا هاشمی ڕەفسەنجانی و خامنەیی لە ژیاندا مابوون، كە خاوەن پێگەو وئەزموون بوون، و دەیانتوانی ڕاگری ئەو وەزعەی دوای مردنی خومەینی بن. لەو کاتەدا ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کە سەرۆکی ئەو سەردەمەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بوو ڕۆڵی سەرەکی بینی. گێڕانەوەی دانیشتنی مەجلیسی شارەزایان نیشان دەدات کە چۆن ناوی عەلی خامنەیی، کە نە دەسەڵاتێکی ئایینی بووە و نە هەمان پێگەی فیقهی دامەزرێنەرەکەی واتا خومەینی هەبووە، لە کەشوهەوای نائاساییدا جێگیر دەکرێت. (ئەڵبەت پێشتر خامنەیی وەک سەرۆک کۆمار لە نێو ئێراندا خاوەن پێگەی سیاسی بوو). پاشان لەگەڵ پێداچوونەوە بە دەستووردا، مەرجی دەسەڵاتی ئایینی لابرا بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی کە ئەنجامدرا شەرعیەتی یاسایی بەدەست بهێنێت. ئەم ڕیزبەندییە کرۆنۆلۆژییە لەلایەن زۆرێک لە زانایانەوە وەک نموونەیەک بۆ "بەکارهێنانی یاسا بۆ بڕیاری سیاسی" سەیر کراوە، نەک بە پێچەوانەوە.
هاشمی ڕەفسەنجانی بە ڕێبەر كردنی خامنەیی سوكانی نیزامی وەلایەتی فەقێ وە دەست خامنەیی و خۆی خست. بەڵام ئەوەی خامنەیی دامەزراند، تەنیا بۆچوونی شارەزایان (مجلس خبرگان) نەبوو، بەڵکو پاڵپشتیی پێکهاتەیی هێزە ئەمنیەتی و سەربازییەکان بوو، بە تایبەت سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەک پارێزەری سیستمی وەلایەتی فەقێ.
لە دەیەی یەکەمدا هاوپەیمانی خامنەیی و هاشمی هاوسەنگیی پاراست.لە گەڵ تێپەڕبوونی کات و و هەوڵی زیاتر بۆ خۆسەپاندن و چەسپاندنی دەسەڵات، هاوپەیمانەکانی دوێنێ پەراوێزخران. نەهێشتنی وردەوردەی کەسایەتییە ڕەخنەگرەکان لەناو ڕژیمدا، لەوانەش سنووردار کردنی خاتەمی و زیندانیکردنی میرحوسێن مووسەوی دەریخست کە لۆژیکی مانەوە بەسەر لۆژیکی بەشداریکردندا زاڵ بووە.
بۆچی ئەستەمە ساڵی ١٩٨٩ دووبارە بکرێتەوە؟
١- داڕمانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی،
ساڵی 1989 کۆتایی شەڕ(ئێران- ئێراق) و سەرەتای ئاوەدانکردنەوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ وڵاتەکە ڕووبەڕووی هەڵاوسانی درێژخایەن و سزای پێکهاتەیی و ناڕەزایی بەرفراوان بووەتەوە.هەنووكە ڕژێم لە باری سیاسی و ئابووریدا لە لاوازترین سەردەمی خۆیدایە، و ئێستا خاوەن زۆرترین نەیار لە جیهان و دەورووبەری خۆیدایە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا لە دەیان شاری ئێران وكوردستان سەرهەڵدان و خۆپیشاندان دژ بە ڕژێم كراوە، بە هەزاران خەڵك كوژراون و لە بەندیخانە كراون.
٢- دابەشبوونی نێوان نوخبە،
لەو سەردەمەدا نوخبەکانی نزیک لە دەسەڵات کۆدەنگییەکی کردەیییان لەسەر "پاراستنی ڕژێم" هەبوو؛ ئێستا ڕکابەرییە شاراوەکان و ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان بلۆکە دەسەڵاتییەکان زیاتر دەردەکەون. گەندەڵی سەرتاپێی چینی دەسەڵاتداری گرتووە، سەدان بەڵگە لە تێوەگلانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارن بۆخەڵک نامۆ نییە.
٣- فراوانکردنی ڕۆڵی ئەکتەرە ئەمنییەکان،
قورسایی دامەزراوەیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئێسلامی بە سوپای قودسیشەوە لە سیاسەت و ئابووریدا بە بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و هەر جێنشینێکیش بە دڵنیاییەوە ئەم هاوسەنگییە ئاڵۆزە دەبێ بەڕێوە ببات.
٤- ژینگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دوژمنکارانەتر،
فشارەناوچەیی و نێونەتەوەیی تێچووی هەر گواستنەوەیەکی دەسەڵاتی زیاد کردووە.
٥- نەمانی کەسایەتییە سەرکردەکان،
کوژرانی دەیان سەرکردەی سەربازی و ئەمنی لە شەڕی دوازدە رۆژەی پارساڵ و هەروەها دەیان بەرپرسی سەربازی و ئەمنی لەم شەڕی دوایانەدا، بۆشایی ئەمنی زۆری دروست کردووە کە جێگرەوەی خامنەیی ناتوانێ پێگەی خۆی بە ئاسانی داکوتێت.
هەرچەندە میکانیزمەکانی جێنشینی لە روانگەی یاسایی بوونیان هەیە، بەڵام شەرعیەتی سیاسی و چەسپاندنی دەسەڵات بابەتێکی دیکەیە. لە ساڵی ١٩٨٩دا گواستنەوەی دەسەڵات بەهۆی یەکگرتوویی نوخبە و هیوای ئاوەدانکردنەوە بوو. ئەمڕۆ جێنشینی ئەگەری ڕووبەڕووی وڵاتێک دەبێتەوە کە لە ڕووی ئابوورییەوە لاوازە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پارچە پارچە بووە و لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە لە ژێر فشاردایە، هیچ هیوای دەربازبوون نییە.
بەم پێیە لە کاتێکدا “هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ” مومکینە، بەرهەمهێنانەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتەی کە خامنەیی لە ماوەی دەیەی یەکەمیدا بەدەستی هێنابوو، لە هەلومەرجی ئێستادا نە دیارە و نە گەرەنتی کراوە. ئەمجارەیان، تەنیا بابەتی جوڵاندنی کەسێک نییە، تاقیکردنەوەی توانای تەواوی پێکهاتەی دەسەڵاتە کە مومکین نییە.