ئەندامی پێشووی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری پاسار
دامەزراندنی گۆڤاری پاسار
لەسەردەمی سەرۆکی زانکۆی ژمارە یەک تەنها یەک گۆڤاری تێکەڵ هەبوو بۆ بڵاوکردنەوەی توێژينەوەی زانستی و ئەدەبی. پاش جیاکردنەوەی (گۆڤاری زانستی زانکۆی گەرمیان) لە (گۆڤاری زانکۆی گەرمیان)، دامەزراندنی (گۆڤاری پاسار) لە ساڵی ٢٠١٩ ڕاگەیەنرا، سەرۆکی زانکۆی ژمارە دوو، خۆی وەک دەستەی نوسەران ڕاگەیاند. ئەو کات کۆمەڵێک مامۆستا کاریان تێدا دەکرد. هەفتانە کۆبوونەوە دەکرا. ناوی پاسار پێشنیار کرابوو، لە دەستەی نوسەران پەسند کرا. من یەکێک بووم لە دەستەی نوسەران تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤. سەرۆکی زانکۆی ژمارە سێ لە ساڵی ٢٠٢٠، پرسی بە من کرد، لە وەڵامدا پێم ووت مەرج نیە سەرۆکی گۆڤار سەرۆکی زانکۆ خۆی بێت، نابێت کەسێک بکرێتە سەرنووسەری گۆڤارێک کە بە کردار کاری تێدا نەکات، هەر بۆیە پێشنیاری سەرنوسەرێک کرا و پەسەند کرا.
بەجیهانی کردنی پاسار
گۆڤار کرا بە سیستەم و ئۆنلاین. پەیڕەو و ڕێنیشاندەر و رێنماییەکانی گۆڤار بۆ بڵاوکردنەوەی توێژينەوەی زانستی لە لایەن نووسەران لە سایتی گۆڤار دانران. هەفتانە گفتوگۆی چڕ دەکرا. ئەوەبوو هەندێک لە ئەندامانی دەستەی نوسەران کرانە دەرەوەی گۆڤار، کە بە کردار کاریان نەدەکرد. سەرەتا مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان بە گاڵتەوە تەماشای گۆڤارەکەیان دەکرد. یەکەم جار وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان دانی پێدانا. گۆڤار دۆکیومێنتی خۆی پێشکەشی دامەزراوەی (سکۆپەس) کرد کە دامەزراوەیەکی جیهانیە بۆ پۆلێنکردن و دانپێدانانی گۆڤارە جیهانیەکان. لەو ماوەیەدا کاتێکی زۆرمان تەرخانکرد بۆ هەڵسەنگاندنی توێژینەوەی زانستی. سەرنووسەری یەکەم وازی هێنا.
سەرنووسەری دووەم و هێشتا نەبوونی پێوەر
لە ساڵی ٢٠٢٢ ، سەرنووسەری نوێی گۆڤار دەستنیشان کرا کە پێشتر لە گۆڤاری پاسار خزمەتی کەمی هەبوو. گۆڤارەکە تازە لە سکۆپەس وەرگیرا بوو. وەک دەستەی نوسەران زۆر هەوڵماندا پێوەر دابنرێت بۆ هەڵسەنگێنەران و دەستەی نوسەران و ئیتیکی توێژینەوە، بەڵام سەری نەگرت.
بەڵام لەبەرئەوەی بناغەی پاسار وەک چیخچنی پاساری خانووی کۆن دامەزرابوو، گۆڤار هەر بە چنراوی مایەوە و پێش کەوت. لەبەرئەوەی قامیشەکانی ئاوی تشرینی خواردبوو.
جاران لە گوند، بۆ هەموو شتێک پێوەر هەبوو، قامیشێک ئاوی تشرین (مانگی ١٠) نەخواتەوە، ئەو قامیشە بۆ بنیاتنانی پاساری خانووی کوردی نابێت، زستان دەتەقێت و لە کاتی باران بارین دڵۆپە و تکە دەکات. کاتێک قامیشی فشەڵ دەخزرێنێتەوە ناو دەستەی چیخچن، ئیدی بەرە بەرە پاسار بەرگەی قوڕی بانە-سواقی پایز ناگرێت. قامیشی چەمی سیروان لە کوێ و قامیشی ئێرانی لە کوێ!
نەبوونی پێوەر لە ئێستادا بۆ دەستەی نوسەران:
ڕاستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێنمایی تایبەتی خۆی هەیە بۆ گۆڤارەکان، بەڵام گۆڤاری جیهانی دەبێت پێوەری تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ توێژەر و هەڵسەنگێنەر و دەستەی نوسەران و سەرنووسەری گۆڤار.
پێشتر داوامان لە سەرۆکی زانکۆی ژمارە سێ کردبوو کە پێوەر دابنێن، پێوەرەکانی دەستەی نوسەران و ئیتیکی توێژینەوەمان خستبووە بەردەستی، بەڵام پشتگوێی خستبوو. ئەمەش بە بیانووی ئەوەی کە وەزارەت خۆی پێوەر دادەنێت. بەڵام ئەم پێوەرانەی وەزارەت دواکەوت. ئێستا لە ڕێنمایی وەزارەتدا هاتووە کە نابێت دەستەی نوسەران پۆستی کارگێڕیی و زانستی هەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانێت خۆی تەرخان بکات بۆ گۆڤار. هەر بۆیە من داوای بەخشینم کرد لە دەستەی نوسەران و وازهێنانەکەم یەکسەر پەسەند کرا، چونکە ئەو کات ڕاگری کۆلێجی پزیشکی بووم. بەڵام ئێستا سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی بەش و بەڕێوەبەری تێدایە کە لە دەستەی نوسەران بە نایاسایی ماونەتەوە.
لە سەردەمی سەرۆکی زانکۆی ژمارە چوار ساڵی ٢٠٢٤ چیخچنەکە پڕ بوو لە قامیشێک کە ئاوی تشرینی نەخواردۆتەوە. واتا ئەوانەی لە دەستەی نوسەران وەرگیراون پێشتر خزمەتی پاساریان نەبووە. لە جیهاندا کەسێک پێش ئەوەی ببێتە دەستەی نوسەران پێویستە وەک هەڵسەنگێنەر خزمەت بکات، دواتر بە پێوەر دەبێتە دەستەی نوسەران و ئینجا سەرنووسەر. بەڵام من وەک دەستەی نووسەرانی پێشوو، هیچ کام لەمانەم نەبینیوە هەڵسەنگاندنیان بۆ توێژینەوەی زانستی پاسار کردبێت.
لە ئێستادا دەستەی نوسەرانی گۆڤاری پاسار تەنها ٦ ئەندامی سەر بە زانکۆی گەرمیانن، ١٩ ئەندامی سەر بە دەرەوەی زانکۆی گەرمیانە.لە کاتێکدا پێشتر دامەزرێنەرانی گۆڤاری پاسار هەموویان سەر بە زانکۆی گەرمیان بوون، هەر ئەوان پاساریان گەیاند بە سکۆپەس. پێویستە زۆرینەی ئەندامان سەر بە زانکۆکەی خۆت بن، لەبەرئەوەی لەکاتی کەمتەرخەمی بتوانرێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەندامان بکرێت، ئەگەر نا تۆ ناتوانیت لێپێچینەوە لە کەسێک بکەیت، نەک لە زانکۆیەکی تر، نەک لە شارێکی تر، نەک لە وڵاتێکی تر، بەڵکو لە کیشوەرێکی تر بێت! چونکە ئەم کەسە بە بێ هیچ پێوەرێک و چاوپێکەوتنێک کراوە بە ئەندامی دەستەی نوسەران.
نەبوونی پسپۆری لە سەرنووسەر و دەستەی نوسەران:
چۆن دەکرێت پسپۆرییت لە شتێکدا نەبێت و کاری تێدا بکەیت؟! سەرنووسەری گۆڤاری پاسار سەرۆکی زانکۆی ژمارە چوار خۆیەتی کە پسپۆرییەکەی دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە گۆڤاری پاسارەوە نیە، وە گۆڤارەکە بە زمانی ئینگلیزی و زاراوەی زانستی دەردەچێت، لەبەرئەوەی ئەم گۆڤارە گۆڤارێکی زانستی پوختە وەک بایۆلۆجی، کیمیا، پزیشکی، کۆمپیوتەر، فیزیا، کشتوکاڵ، میکرۆب. پسپۆری مێژوو لە بەکتریا و ڤایرۆس و پزیشکی و ئەندازیاری و فیزیا و کیمیا سەری دەرناچێت. بۆ پینەکردن هاتووە پسپۆریی کیمیا و ئەندازیاریی کردووە بە هاو-سەر-نووسەری خۆی! لە گۆڤارەکەش نووسراوە سەرنووسەری گۆڤاری پاسار بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی توێژینەوەکان. بە دڵنیاییەوە لە کۆتاییدا سەرنووسەری گۆڤار، بەرپرسی یەکەم دەبێت لە بڵاوبوونەوەی هەر توێژینەوەیەک.
نەبوونی پسپۆری کە لەگەڵ مەودای گۆڤار یەک بگرێتەوە:
تا ساتی نووسینی ئەم وتارە، گۆڤارەکە ئەندامی لە دەستەی نوسەران نیە کە پسپۆری بوارە جیاوازەکان بێت کە پاسار خۆی بانگەشەی بۆ دەکات! ئەمەش خاڵێکی تری لاوازی گۆڤارەکەیە. لە مەودا (سکۆپ) گۆڤاری پاساردا بانگەشەی ئەوە کراوە کە توێژینەوەی بەرگری لەش و مشەخۆر و پزیشکیی بڵاو دەکەینەوە، لە کاتێکدا هیچ ئەندامێکی دەستەی نوسەران نیە کە پسپۆرسیان ئەوانە (مشەخۆر، بەرگری لەش و پزیشکی) بێت.
دەرەنجامی خراپ:
بۆیە ئەمانەی باسکران ڕەنگە وا بکات گۆڤاری پاسار لە سکۆپەس بکرێتە دەرەوە و ناوبانگی نێودەوڵەتی بوونی خۆی لەدەست بدات.